زانكۆی نۆلج چیرۆكی ئه‌یلان كوردی ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌غدا


فیلمى (ئه‌یلان)ى ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر كه‌ به‌سپۆنسه‌رى زانكۆی نۆلج به‌رهه‌مهێنراوه‌، له‌فێستیڤاڵێكى سینه‌مایى نێونه‌ته‌وه‌یى له‌شارى به‌غدا به‌شدارى پێشبڕكێى سه‌ره‌كى ده‌كات. 

ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر له‌باره‌ى فێستیڤاڵه‌كه‌وه‌ وتى “فیلمى (ئه‌یلان) له‌خولى سێهه‌مى فێستیڤاڵى 3 خوله‌ك له‌ 3 رۆژى سینه‌مایى به‌غدا به‌شدارى پێشبڕكێى سه‌ره‌كى كرد”. 

وتیشى “چیرۆكی فیلمه‌كه‌ باس له‌ ئه‌یلان كوردی ده‌كات كه‌ له‌سوریا شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كات له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى رێگه‌ى تاراوگه‌ ده‌گرنه‌ به‌ر و به‌ره‌و توركیا به‌ڕێده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌وێ به‌ر له‌وه‌ى بگه‌ن به‌كه‌نارى ئارامى شه‌پۆله‌كانى ده‌ریا ده‌یكاته‌ قوربانى”. 

فیلمی سینه‌مایى (ئه‌یلان) له‌لایه‌ن جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر كاری ده‌رهێنانی بۆ كراوه‌ و ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمه‌كه‌ى جێبه‌جێكردووه‌ و هه‌روه‌ها ئالان رۆژبه‌یانى كارى گرافیك و دیزاینى فیلمه‌كه‌ى جێبه‌جێ كردوه‌. 
 دواهه‌مین فیلمی سینه‌مایى ده‌رهێنه‌ر جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر  فیلمێك بوو به‌ناوی (بێده‌نگی ئاسمان) كه‌ له‌ده‌یان فێستیڤاڵی سینه‌مایی جیهانیدا به‌شداری كرد‌و چه‌ندین خه‌ڵاتی به‌ده‌ستهێنا. 
جوبرائیل ئه‌بوبه‌كر ره‌حمان له‌دایكبوی ساڵی 1983ی شاری هه‌ولێره‌، له‌ساڵی 2001ه‌وه‌ ده‌ستیداوه‌ته‌ كاری سینه‌مایی و له‌نزیكه‌ی 40 كورته‌ فیلمدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ 13 فیلمی سینه‌مایی درێژیشدا یاریده‌ده‌ری وێنه‌گر بوه‌ و له‌ساڵی 2010ه‌وه‌ كاری ده‌رهێنانی سینه‌مایی ده‌كات.