لە دوای دروستبوونی ناڕەزایەتی لە چەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە لە سەختی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێم تێدەگەین و سوپاسی خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنیان دەكەین ، وێڕای سەختی دۆخەكە لە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵیشدا ستەم لە هەرێمی كوردستان كرا بەشە بودجە و ماف و شایستە داراییەكانی كەم كرانەوە بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆی هەولێر و بەغدا لەسەر بڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕە پارەیەك هەر چەندە كەم بوو گەیشتە هەرێمی كوردستان ، ئەوەش خراوەتەروو وەك بەر لە جەژنی نەورۆز بڕیارمان دابوو كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر پاشەكەوتی مووچە ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیرانی تەندروستی و پەروەردە و وەزیرە پەیوەندیدارەكان، كۆبوونەوەیەك ئەنجام درا و تێیدا چەند خاڵێك پەسەندكرا
لەوانە ئەگەر بەغدا مانگانە بەردەوام بێت لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە كە 317 ملیار و 540 ملیۆن و 465 هەزار دینارە ئەوا حكومەتی هەرێم لەگەڵ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆی هەرێم ، دەستكاری پاشەكەوتی مووچە دەكات بە جۆرێك كە لە بەرژەوەندیی مووچەخۆراندا بێت ،
هەروەها وەزارەتی دارایی ڕاسپێردراوە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەپێی داهات خشتەی نوێی مووچە ئامادە بكات بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری كۆتایی لەسەر بدرێت تاكو مووچەی داهاتوو بەو خشتە نوێیە دابەش بكرێت ،
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حكومەتدا بڕیاردرا حكومەتی هەرێم لە ڕۆژانی داهاتوودا تەواوی داهاتەكانی ناوخۆ و نەوت و بڕە پارەی هاتووی بەغدا لەگەڵ هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە و چۆنیەتی خەرجكردنی بخاتەڕوو.