خولی بەرھەمھێنانی كشتوكاڵی بەشێوەی ئۆرگانی کۆتایی ھات و بروانامە بەخشرایە بەشداربوان

بەسەرپەرشتی به‌رێوبه‌رایه‌تی کشتوکاڵی سلێمانی و بەھاوکاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی خولی به‌رهه‌مهێنانی كشتوكاڵی ئۆرگانی لە خانوە پلاستیکیەکاندا بۆ بەشێک لە ئەندازیارانی كشتوكاڵی سلێمانی کۆتایی ھات و بروانامە بەخشرایە بەشداربوان.

ئەمرۆ ٢٠١٨/٣/٢٥ قۆناغی دووھەمی خولی راھێنانی ئەندازیارانی کشتوکاڵی بەرێوەچوو کە تیایدا سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی لە وتەیەکدا رایگەیاند “بە ھەموو شێوەیەک پشتوانی لەو پرۆژانە دەکەین کە دەبنە ھۆی بەھێزکردنی کەرتی کشتوکاڵ لە ھەرێمی کوردستاندا و ھیواش ده‌خوازین ئەندازیارانی بەشدار بووی خولەکە ببنە رێنمایکەری جوتیاران و بتوانن جوتیارانی خانووی پلاستیکی بە دواهه‌مین داھێنانەکانی بواری کشتوکاڵ ئاشنابکەن و ببنەھۆی بەرزكردنه‌وه‌ی کوالێتی بەرھەمی کشتوکاڵی  و زیادکردنی بڕی بەرھەم ھێنان لە کوردستان”.

سیروان محەمەد جەختی لەوەش کردەوە “وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە بەردوامی ھەوڵ دەدەین کەرتی کشتواڵ پێشبخەین و ئامادەین پشتگیری ئەو پرۆژانە بکەین کە دەبنە ھۆی پێشخستنی ئەم کەرته‌”.

لای خۆشیه‌وه‌ رزگار حه‌مه‌ خدر، جێگری به‌رێوبه‌ری كشتوكاڵی سلێمانی رایگه‌یاند ”زۆر سپاسی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی ده‌كه‌ین كه‌ هه‌میشه‌ خه‌مخۆری كه‌رتی كشتوكاڵ بوون له‌رێگه‌ی هاوكاری مادی و سپۆنسه‌ر كردنی پرۆژه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵی به‌ره‌وپیش بردن و به‌هێزكردنی ئه‌م كه‌رته‌یان داوه‌، تازه‌ترین پرۆژه‌یان هه‌وڵی ره‌خساندنی هه‌لی كار كردنه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ كشتوكاڵیانه‌ی كه‌ دوای ته‌واوكردنی خوێندن دانه‌مه‌زراون له‌رێگه‌ی كردنه‌وه‌ی خولێكی به‌هێزكردنه‌وه‌ دوباره‌ راده‌هێنرێنه‌وه‌ و ئاماده‌ ده‌كرێن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی خانوی پلاستیكی و نوسینگه‌ و كۆمپانیا كشتوكاڵیه‌كان بكه‌ن”.