ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا و میسر گه‌شته‌كانیان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌

دوابه‌دوای هه‌ڵگرتنی سزای ڕاگرتنی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی، ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ كۆمپانیاكانی بواری فڕۆكه‌وانی گه‌شته‌كانیان بۆ فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ی چاپی عیراقی رۆژنامه‌ی “زه‌مان” له‌ راپۆرتێكیدا بڵاویكردۆته‌وه‌، سبه‌ینێ (دووشه‌ممه‌) هێڵی ئاسمانی نه‌مسا به‌ گه‌شتی ڤیه‌ننا-هه‌ولێر ده‌ست به‌ گه‌شته‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌ و هێڵی ئاسمانی لوفتانزای ئه‌ڵمانیش، شه‌ممه‌ و سێشه‌ممه‌ی داهاتوو گه‌شتی نێوان فرانكفۆرت-هه‌ولێر ئه‌نجام ده‌دات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، هێڵی ئاسمانی میسری له‌ 13ی مانگی داهاتودا گه‌شته‌كانی به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كۆمپانیا فڕۆكه‌وانییه‌كانی دیكه‌ش له‌ ماوه‌كانی داهاتوودا گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانیان بۆ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر و سلێمانی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

پێشتریش بیناڵی یڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا رایگه‌یاندبوو، ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان به‌ڕووی هه‌ولێردا ده‌كه‌نه‌وه‌. به‌ڵام به‌ بیانووی نائارامی و هه‌بوونی چالاكی دژ به‌ وڵاته‌كه‌یان له‌ سلێمانی، ره‌تیكرده‌وه‌ ئاسمانی وڵاته‌كه‌یان بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی بكه‌نه‌وه‌.