فرانسیس ریچاردونی باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا، بەپێچەوانەی لێدوانەكانی رۆژانی رابردوویەوە رایگەیاند، توركیا لە 10 ساڵی داهاتوودا دەبێتە وڵاتێكی خاوەن ئابوورییەكی بەهێز.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی توركی لەزاری ریچاردونی-ەوە بڵاویكردەوە،لە كۆنگرەیەكدا كە لەبارەی وزەوە لەئەستەنبوڵی توركیا بەڕێوەچوو وتویەتی: توركیا دەتوانێت لەساڵی 2023دا بگاتە ئامانجی خۆی و ببێتە یەك لە 10 بەهێزترین ئابوورییەكانی جیهان.
بەوتەی باڵیۆزی ئەمریكا، ئیدارەی واشنتۆن چاوەڕوان دەكات توركیا ببێتە دەروازەیەك بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ جیهانی دەرەوە.
فرانسیس ریچاردونی باڵیۆزی ئەمریكا لە توركیا لە رۆژانی رابردوودا رووبەڕووی رەخنەی بەرچاو بووەوە، دوای ئەوەی رەخنەی لە رەوشی دادگاكانی توركیا گرت، پێشتریش ئاشكرایكرد، ئەمریكا هۆشدارییداوە بەئەنكەرە بەوەی كە ئاڵۆزكردنی عێراق لەقازانجی توركیا نییە.