د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: پارێزگای سلێمانی پارێزراوترین‌و ئارامترین ناوچه‌یه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی بڕیاره‌كه‌ی‌ توركیا له‌باره‌ی‌ فرۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ رایگه‌یاند، به‌پێی دوا راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌، پارێزگای سلێمانی پارێزراوترین‌و ئارامترین ناوچه‌یه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا.

ئه‌مرۆ هه‌ینی‌، بیناڵی‌ یه‌ڵدرم سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ توركیا ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی‌ نێوان توركیاو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێری‌ راگه‌یاند. وتیشی‌، ئه‌و فه‌رمانه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌منییه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ “پشتیوانی تیرۆر ده‌كات” دژی توركیا.

له‌به‌رامبه‌ردا د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگاری سلێمانی، رایگه‌یاند، به‌پێی دوا راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و هه‌ردو وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق‌و هه‌رێم، پارێزگای سلێمانی پارێزراوترین‌و ئارامترین ناوچه‌یه‌ له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا.

ناوبراو وتیشی‌، له‌ڕۆژانی داهاتودا ئه‌و گرفته‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌ توركیا به‌رامبه‌ر به‌پارێزگای سلێمانی په‌یوه‌ندی به‌سه‌روه‌ری عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ك هه‌رێمی كوردستان.

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر رونیكرده‌وه‌ كه‌ له‌سلێمانی‌و ده‌وروبه‌ری‌و جه‌له‌ولاو سه‌عدیه‌ تا كه‌ركوك، شه‌ڕی راسته‌قینه‌ی داعش كراو لێره‌وه‌ داعش تێكشكێنرا، به‌جۆرێك تیرۆر له‌م ناوچانه‌دا سه‌ریهه‌ڵداو هه‌ر له‌م ناوچانه‌شدا له‌گۆڕنرا.