ئەمریکا بودجەی تەرخانکراوی ئەمساڵی بۆ بواری بەرگری ئاشکرا کرد

پۆل ڕایان سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە بودجەی تەرخانکراوی ئەمساڵی وڵاتەکەیی بۆ بواری بەرگری ئاشکراکرد، کە بۆ ماوەی ١٥ ساڵە بودجەی بەو ڕێژەیە نەبووە.

 لە بەیاننامەیەکدا پۆل ڕایان وتی “ئەمڕۆ سەرەتای سەردەمێکی نوێیە بۆ هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، کە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ دەبێت ئەو بڕە تێچوون و بودجەیە بۆ بواری بەرگری تەرخان نەکراوە و دەمانەوێت سەرجەم ئەو زیانانە قەرەبوو بکەینەوە کە لە دەیەی ڕابردوودا بەر کەرتی بەرگری کەوتووە”.

بەگوێرەی پرۆژە یاساکە بودجەی پنتاگۆن بۆ ئەمساڵ بە ٨٠ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، ئەو ماوەیەش کە لە بەردەمی کۆنگرێسی ئەمریکادا ماوە بۆئەوەی ڕەزامەندی لەسەر ئەو بودجەیەی وەزارەتی بەرگری بدات، تا سبەینێ هەینی ٢٣ی ئازارە.

دوای ڕەزامەندی کۆنگرێس پێویستە سەرۆکی ئەمریکا ئیمزا لەسەر پرۆژە یاساکە بکات و بەوپێیەی بودجەکە بە شێوەیەکی کرداری دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ساڵی دارایی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٣٠ تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا کۆتایی دێت و بەهۆی ناکۆکییە قوڵەکان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر بودجەی کاتی کارەکانی بەڕێدەکات.

تەرخانکردنی ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ بواری بەرگری ئەمریکا لەکاتێکدایە، کۆنگرێس سورە لەسەر درێژکردنەوەی قەدەغەکردنی هاوکاریی پنتاگۆن لەگەڵ دامەزراوەی “ڕوس ئۆبورون ئێکسپۆرت”ی ڕوسی کە تایبەتە بە هەناردەکردنی چەک.

ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر هەریەکە لە حزبی کۆماریی و دیموکراتی ئەمریکا لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی بەرگری ڕێککەوتبوون بۆ ساڵی ٢٠١٨.