عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ساڵی نوێ بە ساڵی پاڵپشتی لە كاڵای ئێرانی ناودەنێت و دەڵێت “ئەگەر بەرهەمهێنانی نیشتیمانی زیادبكات، بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر دەبن”.
خامنەیی لە پەیامێكدا بە بۆنەی هاتنی ساڵی 1397ی هەتاوی، پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەیو هەموو ئەو وڵاتانە دەكات كە جەژنی نەورۆز دەكەن، هەروەها زیندوو ڕاگرتنی دروشمی (بەرهەم هێنانی نیشتمانیو ڕەخساندنی هەلی كار) لەژێر ناوی ئابووریی خۆڕاگرانە وەك دروشمی ساڵی ڕابردوو، یەكێكی دیكە لەو پرسانە بوو كە رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران تەئكیدی لێكردەوەو وتی “ئەگەرچی ئەو دروشمە تا ڕادەیەك جێبەجێ كراوە، بەڵام هێشتا كاری زۆر ماوە ئەنجام بدرێت و دەبێت تا جێبەجێكردنی یەكجاریی بەردەوام بین”.
وتیشی “لە پەنای پرسی ئابووریدا، پرسی فەرهەنگو پرسە جۆراوجۆرەكانی دیكەش هەن، بەڵام پرسی سەرەكی ئێمە پرسی ئابوریو معاشی خەڵكیە، بۆیە دەبێت لەمساڵدا هەمووان هەوڵی خۆیان بدەنو كار بكەن، تەوەری سەرەكیش بەرهەم هێنانی نیشتمانییە، واتە ئەگەر هەموو تەركیزیان بخەنەسەر بەرهەمهێنانی نیشتمانی، بە دڵنیاییەوە بەشێكی زۆری كێشەكان، لەوانەش كێشەی ئابووری، معاش، دامەزران، هەلی كار، سەرمایەگوزاریو زۆر شتی دیكە چارەسەر دەبنو كێشە كۆمەڵایەتیەكان كەم دەبنەوە، هەر بۆیە تەوەری سەرەكی دەبێ بەرهەمهێنانی نیشتمانی بێت، لەو ڕووەوە من درۆشمی ئەمساڵ ناودەنێم پاڵپشتی لە كاڵای ئێرانی”.