ئێران لەڕێگەی شەمەندەفەرەوە بە عیراق دەبەسترێتەوە


نورەدین كەندەمی بەڕێوەبەری پرۆژەی هێڵی ئاسنی خۆرئاوای ئێران ڕایگەیاند ”وڵاتەكەی دەیەوێت هێڵی شەمەندەفەری ئێران لەگەڵ عێراقدا پێكەوە ببەستێتەوە”. 

كەندەمی لە میانی كردنەوەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان كرماشان‌و تاران ڕایگەیاند ”پڕۆژەی هێڵی ئاسنی خۆرئاوای ئێران بە تایبەت لە پارێزگای كرماشان، بایەخێكی ستراتیژی هەیە، چونكە دەكرێت ببێتە هۆی بەستنەوەی هێڵی ئاسنی نێوان ئێران و عێراق لەسەر سنوور”. 

وتیشی ”هێڵی ئاسنی تاران- كرماشان درێژیەكەی 175 كیلۆمەترە‌و لەساڵی 2002دا بەردی بناغەی دانرا، بەڵام بەهۆی گەمارۆی ئابووری‌و كێشەی داراییەوە جێبەجێكردنەوەی دواكەوت، هەروەها بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش پشت بە هێزی كاری ناوخۆیی بەستراوە‌و شێوازی كاركردنی ئەندازیاریی نوێ بەكارهێنراوە”. 

بەڕێوەبەری پرۆژەی هێڵی ئاسنی خۆرئاوای ئێران ئاماژەی بە پێشكەوتنی توانای وڵاتەكەشی كرد لە دانانی هێڵی شەمەندەفەر‌و وتی ”لەماوەی 6 مانگدا توانیمان ژمارەیەكی پێوانەیی تۆمار بكەین لە راكێشانی هێڵی شەمەندەفەر‌و گەیشتینە 2 هەزار مەتر لە رۆژێكدا، ئەوە لەكاتێكدایە كە لەساڵانی رابردوودا دەمانتوانی رۆژانە تەنها هەزار‌و 700 مەتر هێڵی ئاسن دابنێین”.