ئاشتی هەورامی، بەناوی حکومەتی هەرێمەوە رێککەوتنێکی (10) ساڵەی نوێ لەگەڵ کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی ئیمزا دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی غازی کێڵگەی کۆرمۆر.
بەپێی بەیاننامەیەکی کۆمپانیای دانەغاز؛ کۆمپانیای پیرڵ پترۆلیۆم، کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی نەفت هیلال و دانەغزی ئیماراتییە، کۆتایی مانگی کانونی دوەم، رێککەوتنێکی (10) ساڵەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئیمزاکردوە بۆ زیادکردنی بەرهەم و فرۆشی غازی سروشتی کێڵگەی کۆرمۆر لەناوچەی قادرکەرەم.
دانەغاز ئاشکرای کردوە؛ رێککەوتنەکە لەنێوان ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێم لەلایەک و مەجید حەمید بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەفت هیلال و پاتریک ئەلمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەغاز لەلایەکی دیکەوە ئەنجامدراوە بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمی غازی سروشتی بۆ (80) ملیۆن پێ سێجا تا ئاستی فرۆشی غازی سروشتی بگەیەننە (305) ملیۆن پێ سێجا تا کۆتایی ساڵی (2018).
بەپێی بەیاننامە، مانگی ئابی ساڵی رابردو کۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم گەیشتوەتە رێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە دۆسییەکانی دادگایی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بۆ ئەوەش بڕی یەک ملیار دۆلاریان لە حکومەتی هەرێم وەرگرتوە بە نەقدی، وەک قەرەبویەک بۆ شایستە داراییەکانی پێشویان، لەبەرامبەردا کۆمپانیا ئیماراتییەکە پرۆسەی وەبەرهێنان و هەڵکەندنی بیری نوێی غاز لە ناوچەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لەگەڵ دامەزراندنی دو یەکەی دیکە بۆ چارەسەری غاز و دەرهێنانی لە کێڵگەکانی ئەو ناوچەیە.
کۆمپانیای پێرڵ پترۆلیۆم، ئاشکرای کردوە؛ بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە بەرهەمی غازی کۆرمۆر لەماوەی دو ساڵی داهاتودا بەڕێژەی (125%) و رێژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی دەگەیەننە (900) ملیۆن پێی سێجای رۆژانە.
لەوبارەیەوە ئاشتی هەورامی ئاشکرای کردوە؛ هەرێمی کوردستان زیاتر لە (200) ترلیۆن پێی سێجا غازی سروشتی هەیە و هەوڵی رێککەوتن دەدەن لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بۆ سود وەرگرتن لەو غازە سروشتییە.