پێکهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌کان له‌عیراق سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌

ئه‌ندامێکی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند: دروستبوونی ئۆپه‌راسیۆن پێشێلکارییه‌که‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و حکومه‌ته‌ ناوخۆییه‌کان ده‌کرێت.
شوان محه‌مه‌د ته‌ها ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراکسیۆنی هاوپه‌یمانی کوردستان  رایگه‌یاند: تێبینیه‌کانی ئه‌وان له‌سه‌ر پێکهێنانی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دیجله‌ له‌ که‌رکوک و دیاله‌ تێبینی مه‌نتیقین، چونکه‌ هه‌موو ئه‌و پۆپه‌راسیۆنانه‌ی له‌ عیراق پێکهێنراون و ژماره‌یان ده‌گاته‌ پێنج ئۆپه‌راسیۆن سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، چونکه‌ تێکه‌ڵاوی له‌ناو ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی وه‌زاره‌تی ناوخۆو به‌رگری دروستده‌کات.
وتیشی: له‌کاتی ئێستا فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسۆنی به‌غدا نه‌یتوانیوه‌ سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت له‌ دابینکردنی ئه‌من و ئاسایش بۆ هاووڵاتیان، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ دروستبوونی ئۆپه‌راسیۆن پێشێلکارییه‌که‌ به‌رامبه‌ر ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان و حکومه‌ته‌ ناوخۆییه‌کان ده‌کرێت.
وتیشى: ئه‌گه‌ر پێکهێنانی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌ له‌ناوچه‌کانی تری عیراق ئاسایی بێت، ئه‌وا بۆ ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان ئاسایی نیه‌، چونکه‌ ئه‌و کێشانه‌ پێویستی به‌چاره‌سه‌رکردنی سیاسی و هێمانه‌ هه‌یه‌، نه‌وه‌ک به‌شێوه‌ی سه‌ربازی.
روونیشیکرده‌وه‌: هه‌رله‌و باره‌یه‌وه‌و خاڵی هه‌ره‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان له‌ دڵه‌راوێکدان، چونکه‌ ده‌زگای ئه‌من و ئاسایش له‌ عیراق له‌لایه‌ن یه‌ک کوتله‌ی سیاسیه‌وه‌ قۆرغکراوه‌و ئه‌وانی تر په‌راوێزخراون، له‌به‌ر ئه‌وه‌ دروستکردنی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله‌ ره‌هه‌ندێکی سیاسی هه‌یه‌ له‌وه‌ی مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌من و ئاسایش بێت.
شوان محه‌مه‌د، وتیشی: ئه‌وان له‌لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری ئه‌نجه‌ومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق چه‌ندین جار راسپارده‌مان بۆ حکومه‌تی فیدراڵ به‌رزکردووه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌زگاکانی به‌رگری له‌ناو شاره‌کان دووربخرێته‌وه‌ بۆ سه‌ر سنوره‌کان، یان دۆسیه‌ی ئه‌منی بدرێته‌ ده‌ست حکومه‌تی ناوخۆیی پارێزگاکان.