كۆمپانیایه‌كی ئیماراتی له‌ ڕێگه‌ی هه‌واوه‌ ئاوی پاك به‌رهه‌م ده‌هێنێت

كۆمپانیای “ئیشاره‌ كاپیتال”ی ئیماراتی به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ گرووپی “ڤیراگۆن”ی جیهانی، كه‌ پرۆژه‌كانی له‌ سه‌رجه‌م جیهان خستووه‌ته‌ڕوو، بۆ گه‌یاندنی ئاوی پاك و ته‌ندروست به‌ خه‌ڵكی، له‌م دوایییه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ئامێرێكیان داهێناوه‌ كه‌ ده‌توانرێ له‌ ڕێی هه‌واوه‌ ئاوی پاك به‌رهه‌م بهێنێ و پێشكه‌شی خه‌ڵكی بكات.

ئه‌و ئامێره‌ شێی ناو هه‌وا به‌ خێرایییه‌كی زۆر له‌ ده‌وروبه‌ری خۆی كۆ ده‌كاته‌وه‌ و وه‌ری ده‌گرێ، دواتر له‌ پرۆسه‌یه‌كی زانستی شێی ناو هه‌وا ده‌كات به‌ ئاو و پێشكه‌شی ده‌كات، بڕیاره‌ ئیمارات ئه‌و داهێنانه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كانی وڵاته‌كه‌ی دابنێ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌ی شێی فه‌رمانگه‌كانیش كه‌م بكاته‌وه‌ و ژینگه‌یه‌كی گونجاوتر بۆ كاركردنی فه‌رمانبه‌ران ده‌سته‌به‌ر بكات، هاوكات ئه‌و ئاوه‌یشی له‌ ڕێی ئه‌و ئامێره‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت، زۆر پاك و سروشتییه‌.

كۆمپانیای ڤیراگۆن به‌م دواییه‌ لقی له‌ ئه‌بوزه‌بی كرده‌وه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا كۆمپانیایه‌كی به‌ریتانیییه‌ و له‌سه‌ر ده‌ستی “د.ئه‌لیسیۆ لۆكاتێلی” كه‌ به‌ ڕه‌گه‌ز ئیتاڵییه‌ دامه‌زرا، ئه‌و پزیشكه‌ هه‌موو ژیانی خۆی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆزینه‌وه‌یه‌ ته‌رخان كرد، تا بتوانێ له‌ ناوچه‌ گه‌رم و شێداره‌كان، له‌ ڕێی هه‌واوه‌ ئاو بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌رهه‌م بهێنێت، به‌تایبه‌تی ناوچه‌كانی نزیك له‌ هێلی كه‌مه‌ره‌ی زه‌مین، كه‌ به‌رده‌وام ڕێژه‌ی شێیان له‌ هه‌وا یه‌كجار زۆره‌ و به‌ ده‌ستی كه‌می ئاوی پاكه‌وه‌یش ده‌ناڵێنن.