سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم، دەڵێت: بەپێی ئەو بەراوردكاریەی كردوومانە، دەركەوتووە كە لە دوو ساڵی رابردودا رێژەی هەڵاوسانی نرخ بۆ نزیكەی 6% زیادی كردووە.
سیروان محەممەد، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاندوە: لە ساڵی 2007 ەوە ئێمە چاودێریی نرخی كەلوپەل و پێداویستیە جۆراوجۆرەكانی هاووڵاتییان دەكەین و وەری دەگرین و دەیانخەینە ناو شتێكەوە و ناومان ناوە سەبەتەی نرخ كە 800 كاڵاو پێویستی و شتی جۆراوجۆر لە خۆی دەگرێت.
سەرۆكی دەستەی ئاماری هەرێم، رونیشیكردەوە: بەپێی ئەو بەراوردكاریەی ساڵانی 2011 و 2012 بەهۆی بوونی داخوازیی زۆر لەسەر پێویستیەكانەوە، رێژەی ئاوسان 6 ، 5 % زیادی كردووە بەتایبەت بۆ خۆراك و نرخی یەكەی نیشتەجێبوون.
سیروان محەممەد، وتیشی: ئەم ئاوسانە ئاساییە چونكە بە پێی یاسایەكی ئابووری هەركات پارە لە كەلوپەل و پیویستیەكانی بازاڕ زۆرتربێت، خواست زۆر دەبێت و بەهۆیەوە رێژەی ئاوسانی نرخ زۆرتر دەبێت.
لە چەند رۆژی رابردودا لە کاتی باسكردنی داهاتەكاندا، وەزیری پلاندانی هەرێم رایگەیاند: بە شێوەیەكی گشتی مانگانەی داهاتی تاكی هەرێم لە نێوان 350 – 400 دۆلار دایە.