دوای گفتوگۆیه‌كی گه‌رم به درێژایی چه‌ند مانگێك، په‌رله‌مانی عيراق بودجه‌ی ئه‌مساڵی له‌سه‌ر بنه‌مای زۆرینه نه‌ك ته‌وافوقی سیاسی په‌سه‌ندكرد كه ئەمەش یه‌كه‌مجاره له دوای ساڵی 2003وه رووده‌دات.
بۆ یه‌كه‌م جار په‌رله‌مانتارانی شیعه و سوننه پێكه‌وه له‌سه‌ر بودجه رێككه‌وتن و كوردیش دوای كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكه‌كه‌یان بوونه قوربانی، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش بودجه بوونی كێشه‌ی دارایی قوڵ ده‌رده‌خات.
ماوەی رابردوو په‌رله‌مانی عيراق بودجه‌ی دارایی ساڵی 2018ی په‌سه‌ند كرد كه سێ مانگ له واده‌ی یاسایی خۆی دواكه‌وتووه, چونكه یاسای كارگێڕی دارایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پابه‌ند ده‌كات له ماوه‌یه‌كدا كه له 11ی مانگی تشرینی دووه‌می هه‌موو ساڵێك تێپه‌ڕ نه‌كات پرۆژه‌ی بودجه پێشكه‌ش به په‌رله‌مان بكات، به‌ڵام حكومه‌ت شكستی هێنا له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا به هۆی ناكۆكی نێوان حزبه‌كان و ئه‌و قه‌یرانه داراییه قووڵه‌ی وڵاتی گرتووه‌ته‌وه.
بەپێی راپۆرتی سایتی نیقاش، بودجه‌كه به رێژه‌ی 90% پشت به داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێت و بڕه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته (88) ملیار دۆلار له‌سه‌ر بنه‌مای تێكڕای نرخی (46) دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت و به تێكڕای هه‌نارده‌كردنی نزیكه‌ی سێ ملیۆن و (800) هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه، به‌ڵام بودجه‌كه بڕی (10) ملیار دۆلار كورتهێنانی هه‌یه به گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كردووه.
هه‌رێمی كوردستان گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ندی بودجه‌كه‌یه كه به زۆرینه‌ی ده‌نگ له په‌رله‌مان په‌سه‌ند كرا، ئه‌ویش دوای كشانه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی كورد له دانیشتنی دانگدانه‌كه وه‌ك ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكی هه‌رێم له 17%وه بۆ 12.6% له كاتێكدا كورد روبه‌ڕوی قه‌یرانێكی دارایی خنكێنه‌ر و گه‌مارۆیه‌كی ئابووری بوونه‌ته‌وه كه له دوای قه‌یرانی ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێم بۆ جیابوونه‌وه له عيراق له ئه‌یلولی رابردووا، به‌غدا به‌سه‌ر داهاتی نه‌وتی و گومرگی هه‌رێمیدا سه‌پاندووه و تا ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه.
سه‌ره‌ڕای ناكۆكی نێوان حزبه كوردییه‌كان، به‌ڵام له ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عيراقدا یه‌كده‌نگ بوون و هه‌ندێكیان داوایانكرد بایكۆتی پرۆسه‌ی سیاسی بكرێت.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان روبه‌ڕوی گوشارێكی جه‌ماوه‌ری بووه‌ته‌وه به هۆی دواكه‌تنی خه‌رجكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، ماوەی رابردووش فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی خوێندن رایانگه‌یاند كه درێژه به بایكۆتی گشتی ده‌ده‌ن، ئه‌مه له كاتێكدایه كه هه‌لومه‌رجه‌كه ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ی تێدا نییه به‌م نزیكانه قه‌یرانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان یه‌كلایی بكرێته‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌و لێدوانه گه‌شبینانه‌ی به‌رپرسانی هه‌ردوولا چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه رایده‌گه‌یه‌نن، چونكه بڕیاره‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی حكومه‌تی فیدراڵی به درێژكردنه‌وه‌ی گه‌مارۆی ئاسمانی له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان بۆ سێ مانگی دیكه دووپاتی كرده‌وه قه‌یرانه‌كه له‌وه قووڵتره كه ده‌رده‌كه‌وێت و بووه‌ته یه‌كێك له‌و ئاڵنگاریانه‌ی له دوای له ناوبردنی «داعش» روبه‌ڕوی وڵات ده‌بێته‌وه.
دانوستانی دواین ساته‌كان
تا هه‌فته‌ی رابردووش په‌رله‌مانتارانی سوننه‌و په‌رله‌مانتارانی پارێزگا شیعه‌كانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت له باشووری وڵات له پاڵ كورددا بوون له ره‌تكردنه‌وه‌ی بودجه، به‌ڵام حكومه‌ت توانی رازییان بكات له‌ڕێی ده‌ربڕینی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ندێك له داواكارییه‌كانیان له به‌رامبه‌ر رازیبوونیان به تێپه‌ڕاندنی بودجه‌كه.
چه‌ند مانگێكه حزبه سوننه‌كان داوا ده‌كه‌ن بڕه پاره‌یه‌كی نائاسایی بۆ بنیاتنانه‌وه‌ی پارێزگا ئازادكراوه‌كان ته‌رخان بكرێت و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت له دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه خه‌رج بكرێت كه حكومه‌ت له ساڵی 2014وه رایگرتووه له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌گاته ده‌ستی تیرۆریستان، به‌ڵام پاش چه‌ند مانگێك له ئازادكردنی ئه‌و شارانه حكومه‌ت ئه‌و مووچانه‌ی خه‌رج نه‌كردووه، ئه‌وه‌ش وای له په‌رله‌مانتارانی سوننه كرد حكومه‌ت ناچار بكه‌ن له بودجه‌دا ئه‌و كاره بكات، به كرداریش هه‌ر وا ده‌رچوو.
په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د جبوری نوێنه‌ری موسڵ وتی، «توانیمان باوه‌ڕ به حكومه‌ت بهێنین كه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی مووچه پاشه‌كه‌وتكراوه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی ناوچه ئازادكراوه‌كان ده‌رببرێت له‌گه‌ڵ پێدانی فه‌رز بۆ یارمه‌تیدانیان له بنیاتنانه‌وه‌ی خانووه خاپووركراوه‌كانیان و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له خزمه‌ت ده‌ركراون له كارمه‌ندانی پۆلیس و سوپا و قه‌ربووكردنه‌وه‌ی دانیشتووانی ئه‌م پارێزگایانه له وه‌زیفه‌ی حكومی بۆ سێ ساڵی رابردوو كه به هۆی باڵاده‌ستی تیرۆریستانه‌وه نه‌یگرتبوونه‌وه، له كاتێكدا پشكی ئه‌م پارێزگایانه چووبوو بۆ پارێزگاكانی باشوور».
سه‌باره‌ت به ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایانه‌ش له مادده‌ی (43)ی بودجه‌كه‌دا هاتووه: «پاره‌یه‌كی سه‌ربار به بڕی (355) ملیۆن دۆلار ده‌خرێته سه‌ر ده‌رماڵه‌ی ئه‌و پارێزگا و ناوچانه‌ی له ژێر كۆنترۆڵی داعشدا بوون به مه‌به‌ستی پشتیوانیكردنی گێڕانه‌وه‌ی ئارامی و بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخان‌و به‌م شێوه‌یه دابه‌ش ده‌كرێت: نه‌ینه‌وا (152 ملیۆن دۆلار)، سه‌ڵاحه‌دین (84 ملیۆن دۆلار)، ئه‌نبار (84 ملیۆن دۆلار)، كه‌ركوك (17 ملیۆن دۆلار)، دیاله (17 ملیۆن دۆلار)».
به پێی یاسای ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی ساڵی 2013، پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌كانی نه‌وت كه زۆرینه‌یان له باشووری وڵاتن، رێژه‌ی 5%یان له داهاتی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت له نه‌وتی خاو پێده‌درێت، رێژی 5%ی دیكه‌شیان بۆ هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وتی پاڵێوراو له پاڵاوگه‌كانی پارێزگاكان پێده‌درێت، هه‌روه‌ها رێژی 5%ی دیكه‌شیان له داهاتی گازی سروشتی به‌رهه‌مهێنراو له هه‌ر پارێزگایه‌كدا پێده‌درێت، به‌ڵام چه‌ند ساڵێكه حكومه‌ت به هۆی قه‌یرانی دارایی‌و پێویستی به پاره‌ی زیاتر، ئه‌م بڕیاره‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه، به‌ڵام په‌رله‌مانتارانی شیعه ئه‌مجاره حكومه‌تیان ناچاركرد ملكه‌چی یاساكه ببێت.
حكومه‌ت گه‌یشته چاره‌سه‌رێك سه‌باره‌ت به داواكاری پارێزگا شیعه‌كانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت‌و گاز، له‌و باره‌یه‌شه‌وه له مادده‌ی (2)ی به‌شی دووه‌می یاسای بودجه‌دا هاتووه «رێژه‌ی 5%ی داهاتی نه‌وتی خاوی به‌رهه‌مهێنراو له پارێزگاكه و رێژه‌ی 5%ی داهاتی نه‌وتی خاوی پاڵێوراو له پاڵاوگه‌كانی پارێزگاكه‌و رێژه‌ی 5%ی داهاتی گازی سروشتی به‌رهه‌مهێنراو له پارێزگاكه، ده‌درێت به پارێزگاكان، به‌ڵام پێویسته پارێزگاكه یه‌كێك له‌م داهاتانه وه‌ربگرێت نه‌ك هه‌موویان».
بۆ نموونه به‌سره نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنێت و پاڵاوگه‌ی تێدایه و گازیش به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بۆیه ده‌بێت رێژه‌ی 15%ی هه‌ر به‌رمیلێك وه‌ربگرێت، به‌ڵام به پێی یاساكه رێژه‌ی 5% وه‌رده‌گرێت، ئه‌مه‌ش له هیچ باشتره، وه‌ك په‌رله‌مانتار عه‌ممار توعمه له «هاوپه‌یمانی نیشتمانی» ده‌ڵێت.
توعمه به سایت نیقاشی وت: «هه‌روه‌ها بودجه‌كه ئه‌وه‌شی تێدایه كه پارێزگاكان رێژه‌ی 20%ی زیاده‌داهاتی نه‌وتیان پێده‌درێت له كاتێكدا ئه‌گه‌ر نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌و نرخه زیاتر به‌رزببێته‌وه كه له بودجه‌كه‌دا دیاری كراوه‌و 46 دۆلاره بۆ هه‌ر به‌رمیلێك».
ئاینده‌ی حه‌شدی شه‌عبی
نیشانه‌كانی قه‌یرانی دارایی له وڵات له ساڵی 2014وه سه‌ریان هه‌ڵدا له دوای هه‌ره‌سهێنانی نرخی جیهانی نه‌وت ئه‌وش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هێرشی به‌رفراوانی توندڕه‌وان و داگیركردنی سێیه‌كی خاكی وڵات، پاشان پێكهێنانی هێزه‌كانی «حه‌شدی شه‌عبی» له گرووپه شیعه‌كان كه ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی 100 هه‌زار چه‌كدار له‌خۆده‌گرن، هێنده‌ی تر باری دارایی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران قورس‌تر كرد.
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی عه‌بادیش بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و گرووپانه و هه‌ڵبژاردنی كۆمه‌ڵێكیان بۆ تێكه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ سوپا‌و پۆلیسدا، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه شكستیان هێنا كاتێك په‌رله‌مانتاره شیعه‌كان توانیان به زۆرینه‌ی ده‌نگ له تشرینی دووه‌می 2016دا یاسایه‌ك ده‌ربكه‌ن كه گرووپه شیعه‌كانی به هێزێكی ره‌سمی چه‌كدار دانا‌وه و حكومه‌تیان خسته به‌رده‌م واقعێك كه ده‌بوو مووچه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه بدات‌و پڕچه‌كیشیان بكات.
یاسا نوێیه‌كه‌ی بودجه بڕی دوو ملیار و نیو دۆلاری بۆ خه‌رجی سه‌ربازی ته‌رخانكردووه، كه به‌م شێوه‌یه دابه‌شكراوه: (600 ملیۆن دۆلار) بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری، (146 ملیۆن دۆلار) بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ، (80 ملیۆن دۆلار) بۆ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، (80 ملیۆن دۆلار) بۆ ده‌زگای دژه‌تیرۆر، ئه‌و بڕه‌ش كه ده‌مێنێته‌وه بۆ كڕینی چه‌ك ته‌رخان ده‌كرێت.
به‌ڵام دوای چه‌ند سه‌عاتێك له په‌سه‌ندكردنی بودجه‌كه، سه‌ركرده‌ی گرووپه شیعه‌كان ناڕه‌زاییان به‌رامبه‌ر ده‌ربڕی ئه‌ویش له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌ت چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی به فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی دانه‌ناوه، به‌ڵكو به گرێبه‌ست دایناون، هه‌روه‌ك مووچه‌ی چه‌كداره‌كانیشیان به كه‌متر له مووچه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری دیاری كراوه.
قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی «عه‌سائیب ئه‌هل لحه‌ق» له راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا وتی: «یه‌كساننه‌كردنی پاڵه‌وانانی جه‌نگاوه‌ری حه‌شدی شه‌عبی له‌گه‌ڵ جه‌نگاوه‌رانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان‌و جێگیرنه‌كردنیان له‌سه‌ر میلاكی هه‌میشه‌یی ده‌وڵه‌ت‌و مانه‌وه‌یان به شێوه‌ی گرێبه‌ست سه‌رباری هه‌موو ئه‌و قوربانیانه‌ی پێشكه‌شیان كردوووه، خیانه‌تێكی راسته‌قینه‌یه به هه‌موو مانای وشه‌كه».
نه‌بوونی دامه‌زراندن.. قه‌رزی زیاتر
مه‌ترسی داهاتوو خۆی له به‌رزبوونه‌وه‌ی ترسناكی نیشانه‌كانی بێكاری له وڵات‌دا ده‌بینێته‌وه، له كاتێكدا بودجه‌كه داوای گرتنه‌به‌ری زنجیره‌یه‌ك رێوشوێنی گه‌وره‌ی نوێی ده‌ستگرتنه‌وه ده‌كات كه چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه عيراق به‌خۆوه‌ی نه‌بینیوه.
ئه‌مساڵ بۆ یه‌كه‌مجاره حكومه‌ت بڕیاری داوه هه‌موو جۆره دامه‌زراندنێك له وه‌زیفه‌ی حكومیدا رابگرێت كه به‌شی هه‌ره زۆری گه‌نجانی بێكار بۆ ده‌ستكه‌وتنی كار پشتیان پێ به‌ستووه، له كاتێكدا دامه‌زاندن له ساڵانی رابردوودا به‌م شێوه‌یه بووه: (100 هه‌زار وه‌زیفه له ساڵی 2013دا)، (37 هه‌زار له ساڵی 2014دا)، (30 هه‌زار له ساڵی 2015)، (32 هه‌زار له ساڵی 2016دا) و چه‌ند هه‌زارێكیش له ساڵی 2017و ئه‌مساڵیش هیچ دامه‌زاندێك نییه.
مادده‌ی (11) له به‌شی سێیه‌می بودجه‌كه ده‌ڵێت: «پێویسته وه‌زاره‌ته فیدراڵییه‌كان دامه‌زراندن له ریزه‌كانیاندا رابگرن له كۆمپانیا گشتییه‌كان‌و ده‌سته‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان كه به‌داهاتی خۆیان به‌ڕێوه‌ده‌چن‌و له خه‌زێنه‌ی گشتی فیدراڵی ده‌وڵه‌ت مینحه یاخود قه‌رز له بانكه حكومییه‌كان وه‌رده‌گرت».
ئه‌م بڕیاره هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ زیادبوونی رێژه‌ی بێكاری له وڵات بۆ ئاستی مه‌ترسیدار، چونكه له‌ساڵی 2012دا رێژه‌ی بێكاری 16% بووه‌و له ساڵی 2017 رێژه‌كه بۆ دوو هێنده به‌رزبووه‌ته‌وه‌و گه‌یشتووه‌ته 30% به‌هۆی ئه‌و فه‌وزایه‌ی «داعش» دروستی كرد‌و ملیۆنان كه‌س ئاواره‌بوون، پێشبینیش ده‌كرێت دوای راگرتنی دامه‌زراندنی حكومی، بێكاری له كۆتایی ئه‌مساڵدا زیاد ببێت.
ئه‌وه‌ی باره‌كه‌ی گرانتر كردووه ئه‌وه‌یه حكومه‌ت بڕیاری داوه باجی نوێ بسه‌پێنێت كه چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه عيراقییه‌كان نه‌یانبینیوه، له‌و باره‌یه‌شه‌وه مادده‌ی (17) له به‌شی سێیه‌م ده‌ڵێت: «به‌رده‌وامبوونی سه‌پاندنی باجی فرۆشتن له‌سه‌ر خزمه‌تگوزاری پڕكردنه‌وه‌ی مۆبایل‌و تۆڕی ئینته‌رنێت به‌ڕێژه‌ی 20%و باجی فرۆشتن به‌ڕێژه‌ی 5%و باجی 20 دۆلار بۆ هه‌ر بلیتێكی گه‌شتكردن له فڕۆكه‌خانه‌كانی عيراقه‌وه».
قه‌رزه ده‌ره‌كییه‌كانیش یه‌كێكه له‌و ئامرازانه حكومه‌ت به درێژایی سێ ساڵی رابردوو په‌نای بۆ بردووه بۆ پاره‌داركردنی بودجه تا بتوانێت شه‌ڕی «داعش» بكات‌و هه‌ره‌سنه‌هێنانی وڵات له‌ڕووی ئابوورییه‌وه مسۆگه‌ر بكات، قه‌رزه‌كانی وڵات گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ی 130 ملیار دۆلار كه 70 ملیاری دۆلاری قه‌رزی ده‌ره‌كی ده‌وڵه‌تان‌و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌و 40 ملیار دۆلاریشی قه‌رزی ناوخۆییه.
بۆ ئه‌مساڵیش حكومه‌ت بڕیاری داوه پشت به قه‌رز ببه‌ستێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی دارایی كه گه‌یشتووه‌ته 9%ی قه‌باره‌ی بودجه كه 88 ملیار دۆلاره، ئه‌ویش له‌ڕێی قه‌رزكردنی 10 ملیار دۆلار له ده‌وڵه‌تان‌و رێكخراو‌و بانكه نێوده‌وڵه‌تی‌و عه‌ره‌بییه‌كان كه دیارترینیان ژاپۆن‌و ئه‌ڵمانیا‌و به‌ریتانیا‌و سوید‌و ئیتاڵیا‌و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه، ئه‌وه جگه له بانكی نێوده‌ڵه‌تی بانكی ئیسلامی بۆ گه‌شه‌پێدان كه له به‌شی دووه‌می بودجه‌دا له به‌شی كورتهێناندا باسكراوه.
به‌ڵام ئاڵنگاری هه‌ره گه‌وره كه روبه‌ڕوی بودجه نوێیه‌كه ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا كه بڕیاره له مانگی ئایاری داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌مه‌ش ترسی ئه‌وه دروست ده‌كات كوتله سیاسییه‌كان پاره‌ی بودجه‌كه له بانگه‌شه‌یه هه‌ڵبژاردندا به‌كاربهێنن.
كوردستانی نوێ