یەدەكی دراوی بیانی لەبانكی ناوەندی عیراق 50 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە

لیژنەی ئابووری‌و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عیراق ئاشكرای دەكات، یەدەكی دراوی بیانی لەبانكی ناوەندی عیراق 50 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوەو هۆكاری ئەو زیادبوونەشی بۆ ئەوە دەگێڕِێتەوە، كە نرخی نەوت لەسەر ئاستی جیهان بەرزبۆتەوە‌و پرۆسە سەربازییەكانی دژ بەرێكخراوی داعشیش كۆتایی هاتووە.

نەجیبە نەجیب, ئەندامی لیژنەی ئابووری‌و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عیراق لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەدەكی دراوی بیانی لەبانكی ناوەندی عیراق 50 ملیار دۆلاری تێپەرَاندووە، ئەوەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەو بانكە لەرێگەی فرۆشتنی دۆلارەوە قازانجەكانی زیاد بكات، هاوكات متمانەی زیاتریش لای  وەبەرهێنەرانی بیانی دروست دەكات.

نەجیبە نەجیب رونیكردەوە، لەساڵی 2016دا یەدەگی دراوی بیانی عیراق نزیكەی 45 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەساڵی 2017 بەهۆی ئەوەی حكومەت بۆ پڕكردنەوە كورتهێنانی بودجە بڕێكی زۆر پارەی لێ‌ راكێشا بۆ 43 ملیار دۆلار كەمیكرد، بەڵام لەئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كۆتایی هاتنی جەنگی دژ بەداعش یەدەگی دراوی بیانی بۆ ئاستێكی باش زیادیكردووە.