وەزارەتی دارایی ھەرێم لەراگەیەنراوێکدا میکانیزمی خەرجکردنی ئەو پارەیە ئاشکرادەکات کە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم تەرخان کراوە و بەگوێرەی راگەیەنراوەکەش بریارە سبەینێ دووشەممە ١٩ی ٣ی ٢٠١٨مووچەی ژمارەیەک وەزارەت لەو پارەیەی بەغدا دابەشبکرێت.
دەقی روونكردنەوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری:
هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند هەواڵێك لەسەر ناردنی مووچه له بەغداوه له راگەیاندنەکان، لێرەوه تەواوی زانیارییەكانتان پێڕادەگەیێنین.
سەرەتا سوپاسی سەرۆكوزیرانی حكومەتی فیدراڵ و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە توانییان بە پشوودرێژیی لە قۆناخێکی سەختدا گفتوگۆیەکی بەرهەمدار ئەنجامبدەن و لەو رێگەیەوە بڕە پارەیەک لە بەغداوە بگاتە هەرێمی کوردستان، ئەمه دەستپێكێكی ئەرێنییه. بەڵام بڕی مووچەی هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەكەوت ٩٠٠ ملیار دیناره و به سیستەمی ئێستای پاشەكەوتەوە پێویستمان به ٥٩٠ ملیار دیناره، بۆیە هیوادارین بەغدا بەردەوام بێت لەسەر ناردنی مووچەی مانگانە..
٢- ئەم بڕه (317,540,465) دینار بۆ مووچەی هەموو وەزارەتەكانه بە پێشمەرگەشەوه، نەک تەنیا بۆ تەندرووستی و پەروەردە.
٣- رۆژی ٢٠١٨/٣/١٩ دووشەممه له لقی بانكی مەركەزی له هەولێر پارەكه رادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەكرێت.
٤-وەزارەتمان به راوێژ لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووشەممه و سێشەممه واته ١٩ و ٢٠ی مانگ جگه له مووچەی وەزارەتی پەروەرده، بەردەوام دەبین له پێدانی مووچه و لەو بڕه پارەیه مووچەی وەزارەتەكانی تەندروستی، شارەوانی و گەشتوگوزار، ناوخۆ، شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، زیندانییانی سیاسی، دارایی و رەگەزنامە دابەشدەکەین، هەروەها دوای نەورۆز تەواوی وەزارەتەكانی دیکە دابەشدەكەین.
٥-پاش نەورۆز حكومەتی هەرێمی کوردستان كۆبوونەوەیەك ئەنجامدەدات بۆئەوەی بەو بڕه پارەیەی كه بەغدا دەینێرێ، هەروەها بە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت لیستی مووچه رێكبخرێتەوه. هەموو هەوڵێك دەخەینەگەڕ بۆ باشتركردنی بژێویی هاووڵاتیان و مووچەخۆران .
وەزارەتی دارایی و ئابووری