زیاتر له‌ سێ مانگە ده‌رگای ده‌روازه‌ی پشته‌ به ‌رووی كاسبكاراندا داخراوە


زیاتر له‌ سێ مانگ به‌سه‌ر داخرانی ده‌روازه‌ی لاوه‌كیی پشته‌دا تێده‌په‌ڕێت. ده‌رگای ده‌روازه‌كه‌ بە بڕیارێكی به‌غدا به ‌رووی كاسبكاراندا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌شێك له‌ بازرگانه‌كان له‌پێناو په‌یداكردنی بژێوی ژیانیان، ناچارن به‌رێگای قاچاخ كاڵا هه‌نارده‌ی ئێران بكه‌ن.

موختار محه‌ممه‌د، بازرگانە ئەو دەڵێ ”شۆفێر و بازرگانان و كرێكاران هه‌موو چاوه‌ڕێین مه‌رزه‌كه‌ بكرێته‌وه.‌ من سێ مانگه بارەکەم‌ وه‌ستاوه و ‌ئه‌مڕۆ ناچاربووم بیبه‌مە مه‌رزی ته‌وێڵه و‌ به‌ قاچاخ بیبەمە ئێران”‌.

به‌بیانووی نه‌بوونی به‌شێك له‌و فه‌رمانگه‌ حكومییانه‌ی بۆ ده‌روازه‌یه‌كی هه‌نارده‌ و هاورده‌كردنی كاڵا و شمه‌ك له‌ نێوان دوو وڵاتدا پێوسته‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڕیاری داخستنی ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ی داوه‌، بۆ بڕینی ئەو بیانووەیشیان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو ئاماده‌كاریه‌كی كردووه‌ و، چاوه‌ڕوانی بڕیاری به‌غدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌كه‌ بكاته‌وه.
حوسێن ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی گه‌رمیان دەڵێ ”بیانووی عێراقمان نەهێشتووە، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كمان كردووه‌ سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی لێره‌ن، هه‌ركات بڵێن ده‌بێ بڕۆنه‌ سه‌ر سنوور، ئاماده‌ین”.

بڕیاره‌ دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆ بینینی ده‌روازه‌كه‌ و، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی عێراق له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، سه‌ردانی ده‌روازه‌ی لاوه‌كیی پشته‌ بكه‌ن.

عادل سەڵاح، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی به‌مۆ لەمبارەیەوە دەڵێ ”بڕیارە لیژنه‌كه‌ی عێراق بێنه‌ ئێره.‌ ئێمه‌، سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانمان ئاماده‌كردوون، لیژنه‌كه‌ سەیری دەکات، ئه‌گه‌ر هه‌موو مه‌رجه‌كان هه‌بوون، بڕیاری كردنه‌وه‌ی دەروازەی پشتە ده‌ده‌ن”.

ده‌روازه‌ی پشته‌ له‌ ساڵی 1991ـەوە كراوه‌ته‌وه‌، چەندین کاڵای وەکو: كه‌رەسته‌ی بیناسازی، ئامێره‌ كاره‌باییه‌كان و پۆشاكی لێوه‌ هه‌نارده‌ ده‌كرێت.

پێش داخرانی دەروازەی پشتە: 36 بازرگان، 240 كرێكار و زیاتر له‌ 534 شۆفێر لەو دەروازەیەدا کاریان دەکرد و، بەگشتی داهاتی ئه‌م ده‌روازه‌ لاوه‌كییه‌ لە ساڵی 2017ـدا ، هەشت ملیار و 234 ملیۆن دینار بوو.‌