میسر كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنى ئابووریى له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌نجام ده‌دات


وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازیى میسڕ رایگه‌یاند، میسر كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنى ئابووریى جۆراوجۆرى له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌نجام داوه‌.

تاریق قابیل وه‌زیرى بازرگانى و پیشه‌سازیى میسڕ له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رای گه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتنى ئابوورى له‌گه‌ڵ عێراق ئه‌نجام داوه‌ كه‌ چه‌ندان بوارى ئابووریى جۆراوجۆر له‌ خۆ ده‌گرێت.

 وتیشی، سه‌رجه‌م رێككه‌وتنه‌كان له‌ چوارچێوه‌ى به‌شداربوونه‌ له‌ پرۆسه‌ى ئاودانكردنه‌وه‌ى عێراق و رێككه‌وتنه‌كانیش له‌ بوارى رێگه‌وبان و وێستگه‌ى كاره‌با و ئاو وئاوه‌ڕۆ ئه‌نجام دراوه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندان رێككه‌وتنیش هه‌یه‌ له‌ بوارى نیشته‌جێبوون و ته‌ندروستى و كشتوكاڵ.

پێشتریش عێراق رێككه‌وتنى فرۆشتنى نه‌وتى له‌گه‌ڵ میسڕ واژوو كردووه‌، به‌گوێره‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یش بۆ ماوه‌ى ساڵێك نه‌وت به‌م وڵاته‌ ده‌فرۆشێت.

وه‌ك تێبینى ده‌كرێت، ئه‌مساڵ میسر جموجۆڵێكى گه‌وره‌ى ئابوورى له‌ ناوچه‌كه‌ ئه‌نجام داوه‌، هه‌فته‌ى پێشوو رێككه‌وتنێكى گه‌وره‌ى له‌گه‌ڵ سعوودیه‌ له‌ بوارى وه‌به‌رهێنان ئه‌نجام دا، جیا له‌مه‌ش رێككه‌وتنى گه‌وره‌ى له‌ بوارى گاز له‌گه‌ڵ یۆنان و قوبڕس هه‌یه‌، ئه‌م رێككه‌وتنه‌یشى له‌گه‌ڵ عێراق له‌ دواى كۆنگره‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى عێراق دێت كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى رابردوو له‌ كوێت به‌سترا.