‎ئەمشەو باڵۆنەكان ئاسمانی سلێمانی رووناك دەكەنەوە

لە ژێر دروشمی(بە‌ خواستنی ھیواكە‌ت ئاسمانمان لە‌گە‌ڵدا رووناك بكە‌رە‌وە،باڵۆنە‌كانی رووناكی ھە‌ڵدە‌دە‌ین) گروپی ئاڕت ڤیستیڤاڵی هەڵدانی (باڵۆنەكانی رووناكی) لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدات، كە هەركەسێك بیەوێت ئاواتێك بخوازێت و باڵۆن هەڵبدات دەتوانێت بەشدار بێت.

لەو بارەیەوە سیڤان دڵشاد بەڕێوەبەری گروپی ئاڕت و رێكخەر ڤیستیڤاڵەكە  راگەیاند: بە راوێژكردن لەگەڵ ئەندامانی گروپەكەمان بەبۆنەی نزیك بوونەوەی بەهار و جەژنی نەورۆز، رێككەوتین لەسەر ئەوەی ئەم ڤیستیڤاڵە ئەنجام بدەین، كە سەعات 3:00 دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 18-3-2018 تا سەعات 8:00ی شەو لە پاركی مەلیك مەحمود بەڕێوەدەچێت.

وتیشی: ڤیستیڤاڵەكە لە چەند كۆشكێكی بەشكراو پێكهاتووە، كە هەریەكێكیان تایبەتن بە ئەنجامدانی چەند چالاكییەكی دیاریكراو وەك(كۆشكی خواردن،كۆشكی كاری دەست،كۆشكی یارییەكان كە بە بێ بەرامبەر بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش یاری تێدا دەكرێت،كۆشكی فەیس پەینتیگ(رەنگكردنی دەم و چاو)بۆ منداڵان،هەروەها گروپی تایبەت بە موزیك و گۆرانی ڤیستیڤاڵەكە ئاوێزانی گۆرانی موزیك دەكەن.

گروپی ئاڕت گروپێكی خۆبەخشە و پێكهاتووە لە كۆمەڵێك خوێندكار، كە بەشێوەیەكی خۆبەخشانە كاردەكەن و چالاكییەكانیان رێكدەخەن.

PUKmedia