سلێمانی.. یادی 70 ساڵه‌ی كه‌ریمی ئه‌له‌كه‌ كرایه‌وه‌

ئه‌مڕۆ 17-3-2018، له‌ هۆڵی رۆشنبیری سلێمانی به‌ ئاماده‌بوونی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ژماره‌یه‌ك له‌ لێپرسراوانی حزبی و حكومی و رۆشنبیرانی شاری سلێمانی سه‌نته‌ری هاوبه‌شی لوڕ له‌ یادی 70 ساڵه‌ی كۆچی دواییدا دیداری كه‌ریمی ئه‌له‌كه‌ له‌ ژێر ناونیشانی “كه‌ریمی ئه‌له‌كه‌ سیمبولی به‌خشنده‌یی و پێكه‌وه‌ژیان” سازكرد.

 سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌ به‌ چه‌ند ساتێك وه‌ستان و داگیرساندنی مۆم له‌ لایه‌ن ئاماده‌بوانه‌وه‌ بۆ یادی كۆچی دوایی كه‌ریمی ئه‌له‌كه‌ ده‌ستیپێكرد، دواتر وته‌ی به‌خێرهاتن له‌ لایه‌ن سیروان جه‌لال سه‌رپه‌رشتیاری گشتی دیداره‌كه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌ و پاشان وته‌ی سه‌نته‌ری هاوبه‌شی لوڕ له‌ لایه‌ن جه‌بار یاوه‌ر، سه‌رۆكی سه‌نته‌ره‌كه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌، دواتر فیلمێكی دۆكیومینتاری له‌سه‌ر ژیانی كه‌ریمی ئه‌له‌كه‌ نمایش كرا.

پاشان پانێڵێك به‌ڕێوه‌چوو كه‌ سێ توێژینه‌وه‌ی له‌خۆ گرتبوو، له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا خه‌ڵاتی تایبه‌ت له‌لایه‌ن هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌خشرایه‌ بنه‌ماڵه‌ی كه‌ریمی ئه‌له‌كه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند بڕوانه‌مه‌یه‌كی ڕێزلێنان به‌خشرایه‌ هه‌ریه‌ك له‌ توێژه‌ران و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی تر .