بریكاری وەزارەتی بازرگانی ئیمارات: لە مانگی نیساندا مونتەدایەكی ئابوری لە هەولێر ساز دەكەین

 وەزارەتی بازرگانی ئیمارات رایگەیاند وڵاتەکەی ھەرێمی کوردستانی وەک دەروازەیەک بۆ کارە بازرگانییەکانی لە عێراق دا ھەڵبژاردووەو بڕیارە مانگی نیسانی داھاتووش مونتەدایەکی ئابووریی لە شاری ھەولێر ساز بکرێت.
لەوبارەیەوە عەبدوڵلا ساڵح  بریکاری وەزارەتی بازرگانی ئیمارات رایگەیاند لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی داھاتوو دا بە ھەماھەنگی لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان مونتەدایەکی ئابووریی لە شاری ھەولێر سازبکەن.
روونیشیکردەوە کە ھەرێمی کوردستانیان وەک دەروازەیەک بۆ کارە بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراق ھەڵبژاردووەو ھۆکارەکەشی بۆ ئەو سەقامگیرییە ئەمنییە گەڕاندەوە کە لە ھەرێم دا ھەیە.
ئەوەشیخستەڕوو کە ئاستی ئاڵوگۆڕی بارزگانی عێراق و ئیمارات بەرەو ھەڵکشان دەچێت و لە ساڵی رابردووش دا بڕەکەی گەیشتووەتە ھەشت ملیار دۆلار.
پێشتریش لە چوارچێوەی فراوانبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیمارات، ھێڵی ئاسمانیی ئیمارات لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٢دا گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەستپێکرد.