ئێران ئامادەیە نەوتی كەركوك وەربگرێت‌و بیگۆڕێتەوە

بێژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران ڕایدەگەیەنێت، تاران ئامادەیە نەوتی كەركوك وەربگرێت‌و بیگۆڕێتەوە، كەی لایەنی عیراقیش ئامادەبوو، ئەوانیش ئامادەن.

زه‌نگەنە، لە پەراوێزی ئیمزاكردنی ڕێككەوتنێكی وزە لەگەڵ روسیا رایگەیاند، هەموو كارێكی لۆجستی‌و دابینكردنی تانكەر ئامادەكراوە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی نەوتی كەركوك لەگەڵ عیراق، هەر كاتێكیش ئەوان ئامادەبوون ئێمە ئامادەین.

وەزیرانی نەوتی ئێران‌و عیراق لەمانگی شوباتی ئەمساڵدا ڕێككەوتن، كە رۆژانە لە كێڵگەكانی كەركوكەوە 30 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی پاڵاوگەكانی كرماشان بكەن‌و لەبەرامبەریشدا ئێران هەمان بڕە نەوت لە بەندەرەكانی باشوورەوە تەسلیمی عیراق بكاتەوە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا ڕێككەوتنەكە نەكەوتۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە.