د. كازم عه‌قابی: پێویست به‌ پێكهێنانی لێژنه‌ ناكات بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی فڕۆكه‌خانه‌كان و ده‌روازه‌كانی هه‌رێم

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق له‌ نووسراوێكدا وه‌ڵامی حه‌یده‌رعه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌داته‌وه‌ كه‌ داوای كردووه‌  لیژنه‌یه‌كی باڵا بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم و ده‌روازه‌كان پێكبهێنرێت ده‌ڵێت پێویست به‌ پێكهێنانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ ناكات.

به‌پێی فه‌رمانه‌ دیوانییه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم ده‌رچووه‌، لیژنه‌یه‌كی باڵا بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كانی كوردستان و ده‌روازه‌كان پێكده‌هێنرێت، به‌ “پابه‌ندبوون به‌ پێوه‌ره‌كانی ئیتیحادی و نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی له‌ ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان له‌خۆده‌گرێت”.

له‌ به‌رامبه‌ردا رۆژی چوارشه‌ممه‌  د. كازم محه‌ممه‌د عه‌قابی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی عێراق له‌ نووسراوێكدا بۆ عه‌بادی رایگه‌یاندووه‌ “هیچ پاساوێك نابینین بۆ پێكهێنانی لیژنه‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتیكردنی ئیداره‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌روازه‌كان”.

كازم عه‌قابی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ “ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان خۆیان پرۆسه‌ی سه‌رپه‌رشتیكردن، چاودێریی و كۆنترۆڵكردن ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی ئه‌نجوومه‌نی ده‌سته‌كه‌ ئه‌ركییه‌تی چاودێركردنی گشتی به‌سه‌ر كاروباره‌كانی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان بكات”.

رۆژی سێشه‌ممه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڕیاریدا گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌كارببنه‌وه‌.