باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق پێشوازی لە كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا و بایەخی دیالۆگیش لەنێوان بەغدا و هەولێر دوپاتدەكاتەوە.
باڵیۆزخانەكە لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە رۆژی پێنجشەممە بڵاویكردۆتەوە، خۆشحاڵە بە رێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان، كە بۆتەهۆی كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا.
دەشڵێت “دانوستان بۆ كردنەوەی ئەو فڕۆكەخانانە، نمونەیە بۆئەوەی كە دیالۆگی بنیاتنەرانە دەبێتەهۆی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە”.
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریكا هانی هەردوولا دەدات بۆ بەردەوامبون لە گفتوگۆ سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەكان تا چارەسەری هەمیشەیی بۆ سەرجەمیان بدۆزرێتەوە.
ئەوەشی دوپاتكردۆتەوە، كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پشتیوانی لە عیراقێكی یەكگرتوی دیموكراسی فیدرالی گەشاوە دەكات، كە تێیدا هەرێمی كوردستانی عیراقیش بەهێز بێت.