ژمارەیەكی زۆر چاكی تایبەت بە جەژنی نەورۆز لە سلێمانی ئەنجام دەدرێ

بەمەبەستی تاوتوێكردنی چالاكییەكانی تایبەت بە جەژنی نەورۆز و گرتنەبەری رێوشوێنە ئەمنییەكان لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە تەواوی ئەو شوێنانەی كۆبوونەوەی هاوڵاتیان و مەراسیمە تایبەتەكانی تێدا ئەنجام دەدرێت، لیژنەی ئەمنی سلێمانی بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد- قائیمقامی سلێمانی و بەشداری بەرێوەبەری رۆشنبیری و هونەر و سەرۆكی شارەوانی سلێمانی و چاودێری بازرگانی و نوێنەری گەشتو گوزار و فەرمانگە پەیوەندیدارەەكان، لە دیوانی قائیمقامیەت كۆبووەوە.

دواتر و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا قائیمقامی سلێمانی ئاشكرایكرد ژمارەیەكی زۆر چاكی تایبەت بە رۆژانی جەژنی نەورۆز لە سنوری شاری سلێمانیدا ئەنجام دەدرێت، سەرەتای چالاكییەكانیش لە گردی مامەیارە دەبێت، دواتر بەرێوبەرایەتی رۆشنبیری سلێمانی هەفتەی چالاكییەكانی دەستپێدەكات و بۆ ماوەی هەشت رۆژ چالاكی هونەری و رۆشنبیری لە بینای كارگەی جگەرەی سلێمانی ئەنجام دەدەن. 

پاشان بەرێوبەری رۆشنبیری سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد كە تەنها لە هەفتەی رۆشنبیریدا تایبەت بە جەژنی نەورۆز (60) چالاكی هونەریمان ئامادەكردووە و پێشكەشی هاوڵاتیانی سلێمانی دەكەین.

لە بارەی رێوشوێنە ئەمنییەكانیشەوە قائیمقامی سلێمانی وتی: ئامادەكاری تەواویان كردووە كە لایەنە ئەمییەكان لە هەر شوێنێك كۆبوونەوەی هاوڵاتیانی لێ‌ بێت یان چالاكی تێدا ئەنجام بدرێت رێوشوێنی ئەمنی بۆ دەگرنە بەر و پۆلیسی هاتوچۆش كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دەكات، تیمە تەندروستییە گەرۆكەكانیش كاری خۆیان دەكەن. وتیشی: پێشتر بڕیاربوو بەشێك لە چالاكییەكان لە پاركی هەواری شار بێت، بەڵام بە بڕیاری لیژنەی ئەمنی و بەهۆی نەگونجاوی پاركەكەوە بەتایبەت كە وەرزی چاندنی نەمام و درەختەكانە، بڕیاردرا هیچ چالاكییەك لە پاركی هەواری شار ئەنجام نەدرێت.

هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا قائیمقامی سلێمانی ئاشكرای كرد لەڕوی ئوتێل و مۆتێل و چێشتخانەكانەوە ئامادەكاری تەواو كراوە و پێشوازی لە گەشتیاران دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشداچاودێری نرخەكان دەكەین.