ستیفن ھاوکینگ کۆچی دوایی کرد

زانای بەناوبانگی جیھان لە بواری فیزیا ستیفن ھاوکینگ لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راگەیەنراوێک لە لایەن خێزانەکەیەوە، ھاوکینگ ئەمڕۆ بەیانی لە ماڵەکەی لە شاری کامبریج لە بەریتانیا کۆچی دوایی کرد.

ھاوکینگ ساڵی رابردوو لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی BBC رایگەیاند ھیچ بیری لەوە نەکردووەتەوە تاکو ٧٥ ساڵی بژیت و بەو ھۆیەوە خۆی بە کەسێکی بە چانس ناساند.

ستیفن ھاوکینگ لە دیمانەکەیدا ئاماژەی بەوە دا کە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا تووشی نەخۆشی مۆتۆر-نۆرۆنی (دەمارە جوڵە) بووە و باسی لەوەش کرد کە لە دوای تەمەنی ٥٤ ساڵیدا وێرای ئەوەی بێھێزتر بووە، بەڵام درێژەی بە کارە زانستییەکانی داوە.

روونیشی کردبووەوە کە بە ھاوکاری خێزان و ھاورێکانییەوە کارەکانی ئەنجام دەدات و راشیگەیاند ئاواتی دۆزینەوەی چارەسەرێکە بۆ ئەم نەخۆشییە کە دووچاری بووە.

ستیفن ھاوکینگ بە لێکۆڵینەوە بەرفراوانەکانی لە بواری فیزیکی کوانتوم و کونە رەشەکان دەناسرێت.

ناوبراو بەھۆی نەخۆشییەکەوە نەیدەتوانی زۆربەی ئەندامانی جەستەی بەکاربھێنێت و بەھۆیەوە کۆمپیوتەرێکی تایبەتی بۆ دروستکرا کە بە سایەی ئەو کۆمپیوتەرە رۆژانە نزیکەی ٢ ھەزار و ٥٠٠ وشەی دەردەبڕی و درێژەی بە کارەکانی زانستی دەدا.

لێکۆڵینەوەکانی هاوکینگ بۆ زیاتر لە ٤٠ زمان وەرگێردراوە و لە جیھانی زانستدا لە دوای ئەلبێرت ئەنیشتاین بە گەورەترین زانا دادەنرێت.

لەبارەی ژیانی ھاوکێنگ لە ساڵی 2014دا فیلمێک درووست کراوە.