به‌ مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی فرۆكه‌خانه‌كان, وه‌زیری ناوخۆی عێراق گه‌یشته‌ هه‌ولێر

ئەمڕۆ چوار شەممە قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێک گەیشتە شاری هەولێر.

ماڵپه‌ڕی‌ سۆمه‌ریه‌نیوزی عێراقی له‌سه‌ر زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاوی كرده‌وه‌: سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌) قاسم ئه‌عره‌جی وه‌زیری‌ ناوخۆی حكومه‌تی ناوه‌ندیی سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات‌و پڕۆسه‌ی‌ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ئه‌نجام ده‌دات.

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌فسه‌رانی وه‌زاره‌ت هاوڕێیه‌تی وه‌زیری‌ ناوخۆی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.

ڕۆژی ڕابردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند: دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیی بڕیاردرا فڕۆكه‌خانه‌كانی سلێمانی‌و هه‌ولێر به‌ ڕووی گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشدا بكرێنه‌وه‌.

عه‌بادی ڕایشیگه‌یاند: به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی تایبه‌تی پارێزگاری‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم دروست ده‌كرێت‌و له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی ناوخۆی ناوه‌نددا ده‌بێت.