سلێمانی: كنسوڵی ئێران ڕاوێژکاری نوێی بازرگانی دیاریکرد

بەمەبەستی زیاتر ئاگاداربون لەکێشە بازرگانیەکان لە نێوان بازرگانانی سلێمانی و کۆماری ئیسلامی ئێران کنسوڵی ئێران لە سلێمانی ڕاوێژکاری نوێی بازرگانی دیاریکرد.
سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێشوازیکرد لە ئەنوەر حبیب زادە، ڕاوێژکاری بازرگانی کنسوڵی ئێران لەسلێمانی.
لەسەردانەکەیاندا ڕاوێژکاری نوێی بازرگانی کنسوڵی ئێران ڕایگەیاند: دەمانەوێت لەنزیکەوە لەکێشەو کەموكوڕیەکانی کاری بازرگانی نێوان سلێمانی کۆماری ئیسلامی ئێران بزانین  تا بتوانین پێکەوە ھەموو ئەو گرفتانەی کەھەیە کەم بکرێتەوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وێڕای پیرۆزبایکردن لە ئەنوەر حبیب زادە بۆ وەرگرتنی کارە نوێکەی ڕایگەیاند: ئەوکێشە بازرگانیانەی کە دروستدەبێت لەنێوان بازرگانانی ئێران و شاری سلێمانیدا بە ھاوبەشی چارەسەریان بکەین کەزۆرجار کێشەی بارو پارە دروست دەبێت لە نێوانیاندا.
ئاماژەی بەوەشدا: لەژووری بازرگانی لیژنەیەکی تایبەت ھەیە بەوکێشانەی لەگەڵ بازرگانانی ئێران ڕودەدات لەڕێگەی تۆمارکردنی سکاڵاوە لەژورەکەمان بەدواداچون بۆ کێشەکان دەکرێت و کنسوڵی ئێرانیش ئاگادار دەکرێتەوە. 
 ئەنوەر حبیب زادە ڕاوێژکاری بازرگانی ئێران لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە ھەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ لەگەڵ ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەمەبەستی چارەسەرکردنی ھەرکێشەو گرفتێکی بازرگانان کە ڕودەدات لەنێوان ھەردولادا.
جەختیشیکردەوە  بازرگانانی شاری سلێمانیش ئاگادار دەکەینەوە کەھەر کێشەو گرفتێکیان ھەبێت لەگەڵ بازرگانانی ئێرانی ئێمە بەھەماھەنگی لەگەڵ ژووری بازرگانی سلێمانی ھەوڵ بۆچارەسەرکردنی دەدەین تا بتوانین بازرگانی لەنێوان ھەردولادا زیاتربکرێت.