بەپێى ئەنجامى کۆبونەوەکانى هەرێم و بەغدا، رێگە بە بانکەکانى عێراق دەدرێت لە هەرێمى کوردستان لق بکەنەوە و هەوڵى یەکخستنى گومرگ دەدرێت، وەزیرى دارایى هەرێمیش ئەوە دەخاتەڕو کە حکومەتى هەرێم پێش جەژنى نەورۆز موچەى وەزارەتى پەروەردە دابەش دەکات.
دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق کە بە سەرۆکایەتى وەفدێکى ناوەند لە هەولێرە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ بانکەکانى هەرێمى کوردستان دەکرێنە فەرمى و بەیاسایى دەکرێن، بەڵام بۆئەوە پیویستە لەژێر چاودێرى و دەسەڵاتى بانکى ناوەندیدابن و رێگەش بە بانکەکانى عێراق دەدرێت لە هەرێمى کوردستان لق بکەنەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد لە کۆبونەوەکاندا بۆ رێگرتن لە وەرگرتنى دو باج و گومرگ لە هەرێم و عێراق گفتوگۆى چڕ کراوە و وتى: “رێککەوتین لەسەر ئەوەى یەک کەرتى بانکى و یەکخستنى پێناسى گومرگى تاکە چارەسەرە بۆ ئەو کێشەیە”.
وایشى:”ئەم پرس و گفتوگۆیانە لە چوارچێوەى یەکخستن و هەوڵەکانە بۆ هەماهەنگى نێوان دەسەڵاتەکانى هەرێم و ناوەند و وڵات بەرەو سەقامگیرى و دڵنیایى بڕوات”.
لاى خۆیەوە وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێم ئاماژەى بەوەکرد کە وەک حکومەت بەردەوام دەبن لە دابینکردنى موچە و پێش نەورۆز موچەى پەروەردە دابەش دەکەن و “دواى پشوەکانى نەورۆزیش بەردەوام دەبین لە دابەشکردنى موچەى وەزارەتەکانى دیکە”.
وتیشی: لیژنەکانی وردبینی لەناوی فەرمانبەرانی هەردو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە لە (90٪)ی کارەکانی تەواوکردوە و ئەمڕۆش بەڕێوەبەری گشتی دیوانی چاودێری دارایی عێراق گەیشتوەتە هەولێر بۆ ئەوەی دواین راپۆرتی خۆی رەوانەی بەغدا بکات.