كه‌نه‌دا نووسینگه‌یه‌ك ده‌كاته‌وه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تى بازرگانى و پێدانى ڤیزا به‌ عێراقییه‌كان


نوێنه‌رى كه‌نه‌دا له‌ عێراق رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ى قه‌رزێكى دارایى به‌ 200 ملیۆن دۆلار به‌ عێراق ده‌دات و نووسینگه‌یه‌كیش بۆ  نوێنه‌رایه‌تى بازرگانى و پێدانى ڤیزا له‌ به‌غدا ده‌كاته‌وه‌.

 ئه‌ندرۆ تیرنه‌ر نوێنه‌رى كاروبارى كه‌نه‌دا له‌ عێراق ئه‌مڕۆ له‌ میانه‌ى كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى رایگه‌یاند، كه‌نه‌دا 200 ملیۆن دۆلار به‌ قه‌رز به‌ عێراق ده‌دات و  وه‌ك هاوكاریى مرۆییش 400 ملیۆن دۆلارى بۆ عێراقییه‌كان ته‌رخان كردووه‌ له‌ چوارچێوه‌ى كۆششى نێوده‌وڵه‌تى بۆ سه‌قامگیركردنه‌وه‌ى عێراق.

تیرنه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ى ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ى نووسینگه‌یه‌ك له‌ به‌غدا ده‌كاته‌وه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تى بازرگانى و پێدانى ڤیزا به‌ عێراقییه‌كان. 

هه‌روه‌ها تێرنه‌ر روونى كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تى كه‌نه‌دا هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى كۆمپانیاكانى كه‌نه‌دا بۆ كارى وه‌به‌رهێنان بۆ عێراق رابكێشێت.

ئه‌ندرۆ تیرنه‌ر داواى له‌ عێراق كردووه‌ كۆشش بكات بۆ ئاسانكاریى تا كۆمپانیا جیهانییه‌كان بتوانن بێنه‌ عێراق.هه‌روه‌ها ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كه‌نه‌دا له‌ ساڵى 2016 وه‌ تا ئێسته‌، 180 ملیۆن دۆلارى به‌ عێراق داوه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستپێشخه‌رى ستراتیجى كه‌نه‌دى له‌ عێراق.