تاهير عه‌بدوڵڵا: ده‌نگۆی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راست نیه‌

به‌ڕێوه‌به‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌نگۆی كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان راست نیه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بڕیاری كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم  بدات چه‌ند رۆژێكی پێده‌چێت تا گه‌شتیاران بتوانن گه‌شت بكه‌ن.

تاهير عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی راگه‌یاند: تائێستا به‌ره‌سمی هیچ كاتێكی دیاركراو نیه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی  فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌شی كه‌ هه‌یه‌ راست نین.

وتیشی: ئه‌مڕۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی حكومه‌تی عیراق بڕیار بدات كه‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌وه‌ چه‌ند رۆژێكی ده‌وێت تا بڕیاره‌كه‌ ده‌چێته‌ وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌و پاشان ئێمه‌ی لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها تا كۆمپانیاكانی فڕۆكه‌وانی گه‌شتیار كۆده‌كه‌نه‌وه‌ كاتی ده‌وێت، بۆیه‌ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم به‌و كاته‌ زووه‌ نابێت، كه‌له‌ هه‌ندێك میدیاوه‌ باسی لێوه‌ده‌كرێت.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی سلێمانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئێمه‌ ئاماده‌كاری ته‌واومان كردوه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئاگاداركردنه‌وه‌مان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عیراقه‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی به‌ڕووی گه‌شتیاران و میواناندا بكه‌ینه‌وه‌.

PUKmedia