قوباد تاڵەبانی: هیچ پاساوێک لەلایەن بەغداوە بۆ نەناردنی مووچە نەماوە

ئەمڕۆ 12ی ئازاری 2018 جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند “هیچ پاساوێك نیه‌ بۆ نه‌ناردنى موچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ چاوه‌ڕێده‌كه‌ین سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق مووچه‌ بنێرێت”.

قوباد تاڵه‌بانى، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، رایگەیاند “وه‌فدێكى به‌غدا گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێم و سبه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى كۆده‌بێته‌وه‌”.

وتیشی “یه‌كه‌میان بریتیه‌ له‌ كێشه‌ى بانكه‌كان كه‌ هه‌ندێكیان حكومه‌تى ناوەندی دانیان پێدا نانێت و هه‌ندێكى تریشیان دانیان پێدادەنێت، دووەم ته‌وه‌ریش بریتی ده‌بێت له‌ كێشه‌ى داهاته‌ نه‌وتییه‌كان و تەوەری سێیەمیش باسکردنە لە ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە”.

ئەوەشی وت “ئێمه‌ وه‌ك حكومه‌تى هه‌رێم هه‌موو هاوكارییه‌كمان كرد له‌ پڕۆسه‌ى وردبینیكردن له‌ لیستی مووچه‌خۆرانی هەرێم له‌لایه‌ن به‌غداوە و ئێستاش كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌  سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ڕێگه‌ى تیمه‌كانییه‌وه‌ مووچه‌ بنێرێت”.