فڕۆكەی سەرمایەدارێكی توركیا لە ئێران كەوتە خوارەوە

کەناڵی (خەبەر 7)ی تورکی بڵاویکردەوە، کاپتنی فڕۆکە تێکشکاوەکە، پێش کەوتنەخوارەوەی داوای کردوە ئاستی بەرزی فڕۆکەکە نزم بکاتەوە.

کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردوە، کاپتنەکە دوای ئەو وتەیە پەیوەندی لەگەڵ تاوەری پەیوەندی پچڕاوە و کەوتوەتە خوارەوە.

کاپتن و یاریدەدەری فڕۆکەکە ژن بون.

فڕۆکە تورکییەکە لە جۆری (چالینجەر (604) بۆمباردی سی (60)ی تایبەتە، کە دوێنێ لە گەشتێکدابو لە شاریقەی ئیماراتەوە بۆ ئیستانبوڵ و هەشت سەرنشینی تێدا بوە و لە نزیک شاری شەهرکورد لە پارێزگاری چارمەحال و بەختیاری لە رۆژئاوای ئێران کەوتە خوارەوە.

فڕۆکەکە کچی بازرگانێکی ناوداری تورکی تێدا بوە بەناوی مینا باشاران، کە کچی بازرگان، حسێن باشاران بوە، لەگەڵ حەوت هاوڕێی خۆی.

هەروەها بەوتەی رۆژنامەی حورییەت “مینا لەگەڵ هاوڕێکانی لە دوبەی ئاهەنگی ماڵئاوایی لە ژیانی سەڵەتی سازکردوە، کە بڕیار بوە مانگی داهاتو ئاهەنگی هاوسەرگری ئەنجانم بدات”.