ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 11/2/2013 پرۆتۆكۆڵێكی لەگەڵ ژوری بازرگانی سوید واژۆكرد بۆ هەماهەنگی نێوان هەردوولا.
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد ڕای گەیاند: واژۆكردنی ئەم پرۆتۆكۆڵ گرنگی خۆی هەیە لە بواری بازرگانی و ئابوری بۆ شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان.
وتیشی لەڕێگەی ئەم پرۆتۆكۆڵەوە كاری بازرگانی لەگەڵ ووڵاتی سوید فراوان دەبێت و بازرگانانی شاری سلێمانی دەتوانن كاری زیاتر لەگەڵ كۆمانیا سویدیەكان بكەن.
لای خۆشیەوە “هێسپیر هۆرن” سەرۆكی بەشی بازرگانی نێودەوڵەتی ژوری بازرگانی ڕۆژئاوای سوید ڕایگەیاند: خۆشحاڵبون بەوەی توانیویانە پرۆتۆكۆڵێكی هاوكاریكردن و كاركردن لەگەڵ ژوری بازرگانی سلێمانی واژۆبكەن تا بتوانن بە شێوازێكی پێشكەوتو كار لەگەڵ بازرگانانی شاری سلێمانی بكەین.
واژۆكردنی ئەم پرۆتۆكۆڵە لەكاتێكدایە كەلەماوەی ڕابردودا ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی توانیویەتی پەیوەندیە بازرگانیەكانی لەگەڵ زۆرێك لە ووڵاتانی دراوسێو ئەوروپا برەو پێبدات و لە ئێستاشدا ووڵاتای سوید دەیەوێت برەو بە بازرگانی خۆیبدات لە ناوچەكەدا.