ھندستان گرنگی بەکاری بازرگانی لەگەڵ کوردستان دەدات

مەبەستی زیاتر دروستبونی پەیوەندی بازرگانی و پیشەسازی لەنێوان ووڵاتی ھندستان و کوردستاندا کار بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی ھندی لە سلێمانی دەکرێت.

بورھان علی, ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” ئەمڕۆ یەکشەممە لە تارانی پایتەخی ئێران لەگەڵ کنسوڵی ھندستان کۆبوینەوە و قسەکرا دەربارەی بەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانی و پیشەسازیەکان”

ڕاشیگەیاند” داوامنکرد ووڵاتی ھندستان بێتە ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانیان ئاشنابن بەکاری بازرگانی و پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری سلێمانی”.

ئاماژەی بەوەشدا وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێمان ڕاگەیاندوون کە بینای پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی دەتوانن بەکاربێنن بۆ کردنەوەی پێشانگایەکی گەورەی بازرگانی و بەرھەمەکانی ووڵاتی ھندستان تا لەنزیکەوە بەرھەماکانی ووڵاتەکەیان بە بازرگانانی کوردستان و ھاوڵاتیان بناسێنن.

ئەندامەکەی ژووری بازرگانی جەختیکردەوە بازرگانانی کوردستان لەگەڵ ھندستاندا لەچەندین جۆر ماددە و پێداویستی دیکە کاری ھێنان دەکەن و لەشارەکانی کوردستان دەفرۆشرێن.

لای خۆشیەوە  ڤینی کۆمار کنسوڵی ھندستان لە ووڵاتی ئێران ڕایگەیاند” ئێمە ئاگاداری ڕەوشی ئابوری ھەرێمی کوردستانین وە پێمان خۆشە لەنزیکەوە کاری کۆمپانیاکانمان لەگەڵ بازرگانانی کوردستان گەشەبکات وە ئێمە ھەوڵ دەدەین کە پێشانگایەکی گەورە بکەینەوە لە کوردستان و سلێمانی، پێمان خۆشە لەنزیکەوە گرنگی بەکارە بازرگانیەکانمان بدەین”.

ڕاشیگەیاند” لەماوەی ڕابردودا بەھۆی شەڕی داعشەوە کە عێراق کۆمپانیاکانمان ترساون لەوەی کوردستانیش بێبەش نەبوبێت لەبونی ئەو ھێزە تیرۆرستیە بەڵام لە ئێستادا ڕەوشەکە ئارامبۆتەوە و ترس لەوە نەماوە کۆمپانیاکانمان لەبونی ئەو ھێزە تیرۆرستیە بترسن”.

ئەوەشی ڕونکردەوە کە شاندەکەی کوردستان دڵنییانداوە لە ئارامی و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و نەبونی ھیچ گروپێکی تیرۆرستی لە کوردستان.

دانیشتنی شاندی کوردستان لەگەڵ کنسوڵی ھندستان پاش بەشداری کردنیان ھات لەکردنەوەی پێشانگایەکی تایبەت بە بەرھەمەکانی ھەندستان لەتاران.