ئێران: بۆ ئەمساڵ زیاتر لەملیۆنێك هەلی كار ده‌ره‌خسێنێت

جێگری سەرۆك كۆماری ئێران ئاشكری دەكات، بەپێی ئەو پلانەی لەبودجەی گشتیدا دیاریكراوە، بۆ ئەمساڵ  ملێونێك‌و 33 هەزار هەلی كاری نوێ‌ بۆ هاوڵاتیانی ئێران دەستەبەر دەكرێت.

محەمەد باقر نوبەخت جێگری سەرۆك كۆمار‌و سەرۆكی رێكخراوی پلاندانان‌و بودجەی ئێران رایگەیاند، پێشبینی دەكەین بۆ ئەمساڵ 838 هەزار كەسی نوێ‌ بێنە بازاڕی كاركردنەوە، بەڵام لەبودجەدا ئامادەكاریمان كردووە كە هەلی كار بۆ ملیۆنێك‌و 33 هەزار كەس بڕەخسێنین.

ئاماژەی بەوەشكرد، كۆماری ئیسلامی ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی گەشەیەكی خێرای ئابووری كردووەو بەپێی داتاكانی سندوقی نەختی نێودەوڵەتیش ئێران لەپلەی هەژدەیەمینی ئەو وڵاتانەدایە كە خاوەنی ئابوورییەكی باشن.