قایمقامی قەزای پێنجوێن رایگەیاند لەلایەن وڵاتی ئیتاڵیا، پرۆژەیەك بۆ سەرجەم شارەوانییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادەدەكرێت و بەچەند قۆناغێكیش دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن، رایگهیاند “لەئێستادا تیمێكی وەزارەتی كاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا و رێكخراوی كۆمەڵەی جیهانی (UPP) گەیشتونەتە هەرێمی كوردستان و سەردانی پارێزگای سلێمانیان كردووە”.
راشیگهیاند “لەگفتوگۆیەكماندا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ رانگۆنیز، سەرۆكی شارەوانییەكانی ئیتاڵیا باسی لەهۆكاری سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی كرد و تیایدا ئەوەی خستەڕوو كە ئامانجیان پێشكەشكردنی پڕۆژەیەكە بۆ سەرجەم شارەوانییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی”.
روونیشیكردەوە ” ئەو پڕۆژەیە هەنگاو بەهەنگاو كاری لەسەردەكەن، وەك سەردانكردنی تیمی پسپۆڕییان بۆ قەزاكان و دەستنیشان كردنی پێویستییەكان لەبواری خزمەتگوزاریی و دروستكردنی تیمی شارەزا لە شارەوانی قەزاكاندا و راهێنانیان”.
قایمقامی پێنجوێن، وتیشی “هاوكات هەر بەپێی ئەو پرۆژەیە سەرجەم شارەوانییەكانی قەزاكان دەكرێنە دەستە خوشكی شارەوانیەكانی وڵاتی ئیتاڵییا، جگە لەوەش ئهنجامدانى پڕۆژە بەپێی پێویستی و ئەو بودجەیەی لەبەردەستاندایە، بەتایبەتی لەبواری (ئاو، ئاوەڕۆ، ژینگە، سەوزایی).
دواڕۆژ