بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەوەكالەت، دوو لیژنە پێكهێنران بۆ تەملیك كردنی ئەو خانووە نیشتەجێیانەی دەكەونە سنووری گوندەكان.
قوباد تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بە وەكالەت، ئیمزای لەسەر دوو فەرمان بە ژمارەكانی 862 و 863 لە رۆژ 20/2/2018 بۆ تەملیك كردنی ئەو خانووە نیشتەجێیانەی كە دەكەونە سنووری گوندەكان كرد، كە لەو رۆژدا كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە كێشەكانی تەملیككردنی خانووە نیشتەجێكانی سنووری گوندەكان ، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەچوو.
بەپێی فەرمانەكان دوو لیژنەی تایبەت لە وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان پێك دێت بۆ ئەوەی فەرمانەكان پشت بەست بە یاسا جێبەجێ بكرێن. لیژنەكانیش نوێنەری هەر یەك لە وەزارەتەكانی داد، شارەوانی و گەشتوگوزار، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، دارایی و ئابووری و بەرێوبەرایەتی تۆماری خانووبەرە لە خۆ دەگرێت.
هەر لەو بارەوە نەورۆز قازی سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند بە پێی ئەو ئامارانەی لەبەردەستمانە و كارمان لەسەر كردووە، زیاتر لە 80 هەزار خێزان لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لە بڕیارە نوێیەكە سوودمەند دەبن.