سەرەڕای دەوڵەمەندی هەرێمی كوردستان بەجۆرەها دەرامەتی سروشتیو كەرەستەی خاوی كانزاییو كشتوكاڵیو ئاژەڵی، بەڵام تائێستا نەتوانراوە ژێرخانی ئابووریی هەرێم ببوژێندرێتەوە، ئەمەشمپێویستی بەدانانی نەخشەڕێگایەكی ستراتیژی ئابووری گرنگە بۆ ئەوەی بتوانرێت لەداهاتوودا ژێرخانی ئابووریی هەرێم بەگشتیو سێكتەری پیشەسازی ببوژێنرێتەوە.
نەبوونی پلان
د.عیزەت سابیر سەرۆكی لیژنەی داراییو ئابووریو وەبەرهێنان لەپەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بەبوونی كەرەستەی خاوی سروشتی لەهەرێمی كوردستان رایگهیاند : لەهەرێم كەرەستەیەكی خاوی سروشتیو كانزایی زۆر هەیە كە دەتوانم بڵێم تائێستا نەتوانراوە رێژەی (15%)ی ئەم كەرەستە خاوانە لەبواری پیشەسازی وەبەربهێنرێن، لەم رووەشەوە هەرێمی كوردستان جگە لەنەوتو غازی سروشتییەوە چەندین كانزای گرانبەهای تری هەیە وەكو بەردی (مەڕمەڕ، گرانیت، چیمەنتۆ، گەج، ئاسن، ئەلەمنیۆم، گۆگرد و ئاڵتوون) و چەندین كانزای تر، جگە لەبوونی ئاو و خاكو هیزی كاری باش، بەڵام حكومەتی هەرێم لەپلانەكانیدا سەركەوتوو نەبووە بۆ وەبەرهێنانو سوودوەرگرتن لەم كەرەستە خاوانە، بەتایبەتی لەبواری پیشەسازی بۆ ئەوەی بتوانرێت بەرهەمی پیشەسازی خۆماڵی زیاد بكاتو پێداویستیەكانی ناوخۆ پڕ بكاتەوەو لەهەمان كاتیش داهاتی ئابووری ناوخۆ زیاد بكاتو هەلی كاری زۆر بۆ گەنجانمان بڕەخسێنێت.
وتیشی: «حكومەتی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیاتر فشاری خستۆتە سەر دەرهێنانو وەبەرهێنانی نەوتو سەرچاوەكانی وزە، لەجیاتی ئەوەی پلانێكی ستراتیژی ئابووریانەی تۆكمە دابڕێژێت بۆ وەبەرهێنانی تەواوی كانزاو دەرامەتە سروشتیەكان بەرەچاو كردنی پاراستنی یەدەكو مانەوەی ئەم دەرامەتە سروشتیانە بۆ نەوەی داهاتوو، بەتایبەتی لەئێستادا كە ناوچەكەمان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بۆتەوە، بۆیە لەئێستادا دەمانتوانی سوود لەداهاتی ئەم دەرامەتە سروشتیانە وەربگرینو زۆر بەئاسانی رووبەڕووی گرفتی قەیرانی دارایی ببینەوە».
15 كارگەی چیمەنتۆ
راشیگەیاند: حكومەتی هەرێم تائێستا نەیتوانیوە پلانو نەخشەڕێگایەكی ئابووری تۆكمە دابڕێژێت بۆ ئەوەی بتوانین ئابووری وڵاتەكەمان ببوژێنینەوە، لەكاتێكدا لەهەرێمی كوردستان باشترین جۆری خاكو ئاوی سازگارو كەرەستەی خاوی سروشتیو كانزاییو كشتوكاڵیو دەستی كاری رەنگینمان هەیە، پێویستە ئێمە لەجیاتی ئەوەی پێنج كارگەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆمان هەبێت با (15) كارگەی چیمەنتۆمان هەبێت بۆ ئەوەی پێداویستیەكانی ناوخۆ پڕ بكاتەوەو بەشێكیشی رەوانەی وڵاتانی دەرەوە بكرێت، بۆیە بەپێویستی دەزانم كە حكومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بەسێكتەری پیشەسازی بداتو هەموو ئاستەنگەكانی بەردەم یاسای وەبەرهێنان لابباتو هانی كۆمپانیا بیانیو خۆماڵیەكان بدات بۆ ئەوەی لەهەرێمی كوردستان وەبەرهێنان لەبواری پیشەسازیدا ئەنجام بدەن.
دامەزراندنی كارگەی خۆراكی
ئەنوەر عومەر بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانو بەدواداچوون لەوەزارەتی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم، سەبارەت بە پەرەپێدانی پیشەسازی كشتوكاڵی خۆماڵی لەهەرێمی كوردستان پێیڕاگەیاندین: وەكو وەزارەتەكەمان هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازیو بازرگانی هەرێم كردووە بۆ دامەزراندنی كارگەی خۆراكی كە پشت بە بەرهەمە كشتوكاڵیەكان دەبەستێت، بەڵام ئەم پڕۆسەیە پێویستی بەخستنەگەڕو هاندانی سەرمایەدارو وەبەرهێنەرانی كەرتی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی سەرمایەكانیان لەم بوارە بخەنەگەڕو كارگەی جۆراوجۆر دابمەزرێنن، لەم رووەشەوە دەبێت حكومەتی هەرێمیش ئاسانكاری تەواو بۆ وەبەرهێنەرانو خاوەن كارگەكان بكاتو زەوی پێویستیان بۆ دابین بكات.
وتیشی: «زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵیەكانی هەرێمی كوردستان وەك كەرەستەیەكی خاو دەچنە پیشەسازی ئەگەر كارگەی جۆراوجۆر لەوڵاتەكەمان دابمەزرێت، بۆ نمونە بەرهەمی (گەنم، جۆ، تەماتە، پەتاتە، گەنمە شامی، میوەجات، زەیتوون، گۆشتی ماسی، بەروبوومی ئاژەڵی) دەچێتە جۆرەها پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئاردو دانەوێڵە، هەروەها زەیتی زەیتوونو دروستكردنی مرەباو جبسو گۆشتی قوتوو بۆ ئەم مەبەستەش چەند كارگەیەكی ئاوی تەماتەو زەیتی زەیتوونو دانەوێڵەمان هەیە، هەروەها لەساڵی رابردوو دوای رێكەوتنمان لەگەڵ كۆمپانیایەكی وڵاتی ئیتاڵیا توانیمان كارگەیەكی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون لەشاری هەولێر دابمەزرێنین، ئێستاش لەهەوڵداین لەگەڵ رێكخراوی (UNIDO) چەند كارگەیەكی خۆراكی كاری دەستی لەسنووری قەزای شەقڵاوەو هەردوو ناحیەی بەحركەو قوشتەپە دابمەزرێنین، لەهەمان كاتیش لەگەڵ رێكخراوی (FAO) لەهەوڵداین چەند كارگەیەكی لەقوتونانی بەروبومی سپیایی دابمەزرێنین».
باشتركردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان
هاوكات سرود ئەحمەد بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشەپێدانی پیشەسازی لەوەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی هەرێم، سەبارەت بەكەرەستەی خاوو جۆرەكانی وتی: «كەرەستەی خاو بریتییە لەكەرەستەیەكی سەرەتایی كە بەشێوەیەكی سروشتی بوونی هەیە، بەڵام بێ سوودە یاخود سوودێكی كەمی هەیە ئەگەر بە پیشەسازی نەكرێت، جۆرەكانیشی بریتین لەكەرەستەی خاوی رووەكی وەك: (دارو پەمۆو قەمیشی شەكرو گەنمو هتد)، كەرەستەی خاوی ئاژەڵی وەك: (خوریو پێستو شیرو گۆشت)، كەرەستەی خاوی كانزایی وەك: (ئاسنو زێر و مس و هتد). هەروەها جۆرێكی تری كەرەستەی خاو پێی دەوترێت كەرەستەی خاوی نیمچە دروستكراو كە وەك: (زەیتو داوی رستنو چنینو قاڵبی ئاسنو بەرهەمەكانی نەوت…هتد)، بەمەش هەرێمی كوردستان بەهۆی گرنگی هەڵكەوتەی جوگرافیەكەی دەوڵەمەندە بە زۆری كەرەستەی خاوو یەدەكێكی زۆری نەوتو كانزا فلزیەكانی وەك: (خارسین، مس، قورقشم، كرۆم، نیكل، مەنگەنیز)و بەردی پیشەسازی وەك: (بارایت، ئەسبێست، مەڕمەڕ)و چەندین جۆری تر».
وتیشی: «هەرێمی كوردستان خاكێكی بە پیتو ئاوێكی زۆری هەیە بۆ كشتوكاڵكردن كە دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ زیادكردنو باشتركردنی بەرهەمە كشتوكاڵیەكان وەك بنەمایەك بۆ پێشخستنی ئابووریو دۆزینەوەی هەلی كار كە بەداخەوە لەگەل ئەو هەموو دەوڵەمەندییە لەسامانی سرووستیو زۆری دەستی كارەوە لەهەرێمی كوردستان نەتوانراوە سوودی لێوەربگیرێتو هۆیەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلانو دیدگایەكی ئابوورییانەی روونو بەهێز بۆ سوود وەرگرتن لەزەوی كشتوكاڵیو بەرووبومەكانی كە بۆتە هۆكاری هاوردەكردنی زۆربەی بەرووبومە كشتوكاڵیەكان لەوڵاتانی دەرەوەو لەهەمان كاتیش جووتیاران كێلگەكانیان بەجێبهێڵنو روو لەشارەكان بكەنو ببنە بارگرانی لەسەر ئابووری هەرێم, هەر ئەمەش وایكردووە گەنجەكانمان بە لێشاو بەرەو هاندەران كۆچ بكەن».
پێداچوونەوە بە یاساو رێنماییەكان
راشیگەیاند: بەمەبەستی دانانی پلانێكی گونجاو بۆ سوود وەرگرتن لەكەرەستەی خاو لەهەرێمی كوردستان لەبواری پیشەسازی پێویستە هەماهەنگی بەهێز هەبێت لەنێوان وەزارەتەكانی پلاندانانو شارەوانیو كشتوكاڵو بازرگانیو پیشەسازیو دەستەی وەبەرهێنان ئەنجومەنی ئابووری هەرێم لەلایەك، بۆ پێشخستنی پڕۆژەكانی (agro industry) و ڤێتینەری هەروەها بوونی هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتیەكانو وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی بۆ بەپیشەسازیو بەبازرگانیكردنی سامانی سرووشتی لە نەوتو غازی سروشتیو كانزاكان بەشێوەی دروستو پێداچوونەوە بەگشت یاساو رێنماییەكانی تایبەت بەوەبەرهێنان لەلایەكی ترەوە، هەروەها بوونی ئیرادەیەكی نیشتیمانی بەهێز بۆ دانانی پڕۆگرامی گەشەپێدانی بەردەوام لەوڵاتەكەمانو كاركردن بۆ سەقامگیری ئاسایشی ئابووریو كۆمەڵایەتیو سیاسی بۆ گەیشتن بەقۆناغی پێشكەوتووتر بەپشتبەستن بەسامانی سرووشتی ناوچەكەمان، لەهەمانكاتیش بنبڕكردنی گەندەڵیو گەشەپێدانی كارگێریو توانستی مرۆیی، ئەمانە هەمووی پێداویستی سەرەكی گرنگن بۆ گەشەپێدانی ئابووریو بەدەستهێنانی ژینگەیەكی گونجاو بۆ وەبەرهێنان لەبواری دەرامەتە سروشتیەكان لەهەرێمی كوردستان.
بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون
دیدار رسول خوشناو بەڕێوەبەری هونەری كارگەی زەیتی زەیتونی كوردستان لەشاری هەولێر، سەبارەت بەسوود وەرگرتن لەبەرهەمی زەیتون وەك كەرەستەیەكی خاوی كشتوكاڵی، راگەیاند: لەماوەی رابردوو توانیومانە (200) تۆن زەیتوون بخەینە كارگەكەمانو زەیتی لێ بەرهەم بهێنینو كارگەكەشمان لەماوەی كاتژمێرێكدا توانای گۆڕینی (1 – 1,5) تۆن زەیتوونی هەیە بۆ زەیت، ئەم پڕۆژەیەش پاڵپشتێكە بۆ جووتیاران، هەر جووتیارێكیش لەبڕی وەرگرتنی یەك تۆن زەیتوونو گۆڕینی بۆ زەیتی زەیتوون، بڕی (75) هەزار دیناری لێوەردەگرینو دواتر جووتیارەكە بەرهەمەكەی رەوانەی بازاڕ دەكات.
وتیشی:»ئامێرەكانی كارگەكەمان لەوڵاتی ئیتاڵیاوە هێنراونو كۆمەڵەی هەروەزی زەیتوون سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی كارگەكەمان دەكاتو بەرهەمەكانمان بەپێی تایبەتمەندیە جیهانیەكانی بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوونەو لەهەموو جۆرەكانی وڵاتانی دەرەوە باشترەو نرخەكەشی گونجاوەو رێژەی 100% بەرهەمەكە سروشتییەو بەساردی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەهۆی زۆری بەرهەمی زەیتوون لەهەرێمی كوردستان دەكرێت چەندین كارگەی تری بەرهەم هێنانی زەیتی زەیتون لەناوچەكەمان دابمەزرێنرێن.
بەكوردستانی نوێی