كچێكی ته‌مه‌ن ٢٢ ساڵ له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی شاری سلێمانی كاری فیتەری ده‌كات


ماریا فوئادی تەمەن 22 ساڵ  جیاواز لەكاری كچانی تر لە وەرشەیەكی میكانیكی كاری چاكردنەوەی ئۆتۆمبێل دەكات  و لەرۆژی 8ی مارسدا  دەڵی ”كچانی كوردستان توانا و بەهرەیان هەیە لەبەشداریكردن،لە تەواوی كایەكانی ژیاندا بەڵام پێویستان بەهاوكاری  و پشتیوانی زیاتری خیزانەكانیانە”.

خه‌ونی گه‌وره‌ی ماریا كاركردنه‌ له‌ یه‌كێك له‌ كارگه‌ گه‌وره‌كانی ئۆتۆمبێلدا له‌ دوای ته‌واو كردنی خوێندن، ئه‌و سه‌باره‌ت به‌پیشه‌كه‌ی ده‌ڵێت ”خه‌ون و خولیای من له‌ژیاندا ئه‌وه‌یه‌ ببمه‌ ئه‌ندازیار له‌بواری میكانیكدا هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م به‌شه‌م هه‌ڵبژارد تیا بخوێنم و تیاشیدا كار بكه‌م، له‌ئێستاشدا له‌زۆربه‌ی ئامێره‌كانی چاكردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیل شاره‌زایم هه‌یه‌”.  

ماریا ده‌ڵێت كچانی كوردستانیش توانا و به‌هره‌ و كاره‌مه‌یان هه‌یه‌ له‌به‌شداری كردنیان له‌سه‌رجه‌م كایه‌كانی ژیاندا به‌ڵام پێویستیان به‌هاوكاری پشتیوانی خێزانه‌كانیان ده‌بێت، ئه‌و ده‌شڵێت ”من براكه‌م گه‌وره‌ترین پشتیوانی منه‌، بۆ هه‌ر كارێك كه‌ ده‌یكه‌م ده‌ستخۆشیم لێ ده‌كات”.

ماریا فواد ته‌مه‌نی ٢٢ ساڵه‌ و خوێندكاری به‌شی ئه‌ندازیاری میكانیكیه‌ له‌زانكۆ بۆ گرنگی دان به‌خوێندنه‌كه‌ی ماوه‌ی ٤ ساڵ ده‌بێت له‌وه‌رشه‌یه‌كی شاری سلێمانیدا كاری چاك كردنه‌وه‌ی ئۆتۆمبیل ده‌كات، ئه‌و ده‌ڵێت ”سه‌ره‌تا كه‌ ده‌ستم پێكرد ئیشه‌كه‌ بۆم قورس بوو خه‌ڵكیش لای سه‌یر بوو خانمێك له‌ناوچه‌ی پیشه‌سازی شاری سلێمانی خه‌ریكی كاركردنه‌، به‌ڵام ورده‌ ورده، هاوڵاتیانه‌ش له‌وه‌ تێگه‌یشتن  كه‌ خانمانیش ده‌توانن جێده‌ستیان له‌هه‌ر بوارێكدا هه‌بێت كه‌ خۆیان ده‌یانه‌وێت ئیشی تیا بكه‌ن”.

هاوپیشه‌كانی ماریاش ده‌ڵێن ”كچێی زۆر ئازایه‌ له‌ئیشه‌كه‌ی خۆیدا، هیچ كاتێك توشی كێشه‌ نه‌بووه‌ لێره‌،  هیوایی سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازین ، داواكارین خانمان له‌هه‌موو بوارێكدا كار بكه‌ن”. 
 
 
گه‌لی كوردستان