هەفتەی داهاتوو شاندێكی هاوبەشی كوردستان‌ و عێراق بڕیار لەسەر كردنەوەی مه‌رزی سه‌رته‌ك ده‌ده‌ن

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێ، بەغدا‌ و هەولێر لە رێككەوتنی كۆتایی بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان نزیكبوونەتەوە. 

ساماڵ عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، حكومەتی هەرێمی كودستان ‌و حكومەتی عێراق رێكکەوتنێكی سەرەتاییان بۆ بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە. 

وتیشی: “بەپێی ئەو رێككەوتنە سەرەتاییە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بە ستافی هەرێمی كوردستان ‌و چاودێریی حكومەتی عێراق بەڕێوەدەبرێن”.
سەبارەت بە دەروازەی سەرتەكی سنووریی دەربەندیخانیش كە ماوەیەكی زۆرە داخراوە، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ وتی: “هەفتەی داهاتوو شاندێكی هاوبەشی هەرێمی كوردستان‌ و عێراق سەردانی ئەو دەروازەیە دەكەن ‌و راپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە ئامادەدەكەن، دواتر بڕیار لەسەر كردنەوەی دەدرێت”.

لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، هاوکات لەگەڵ فڕۆکەخانەکان، مووچە، نەوت و چەند پرسێکی دیکە یەکێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا‌یە و تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەوە نەکراوە.

بۆ بازرگانیكردن ‌و هاتووچۆی خەڵك، باشووری كوردستان لەگەڵ هەریەک لە باکوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوای کوردستان (ئێران، تورکیا و سووریا) خاوەنی کۆمەڵێک دەروازەی فەرمی و نافەرمییە و، بریتین لە: ئیبراهیم خەلیل، پەروێزخان، باشماخ، حاجی ئۆمەران، پێشخابوور، سێمێلکا، سەرزێڕێ، كێلێ، سەیرانبەن، سەرتەک و تەوێڵە.