موسه‌ننا ئه‌مین: عه‌بادی هه‌تا زۆری‌ لێنه‌كرێت، پاره‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم نانێرێت



ئه‌ندامێكى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت “سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق نایه‌وێت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم بنێرێت”، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامی كوردستانیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات “عه‌بادى پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕێك پاره‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت”.

له‌باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵێك له‌ چه‌ند میدیایه‌كى عێراقییه‌وه‌ گوایه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو “حه‌یده‌ر عه‌بادى” مووچه‌ى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرێت، “رێزان شێخ دلێر” ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ ژماره‌ى ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ى رۆژنامه‌ى ئاوێنه‌ى راگه‌یاندووه‌ “عه‌بادی راست ناكات، چونكه‌ كاری وردبینی ته‌واو بووه‌، به‌ڵام نایه‌وێت هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم بنێرێت”. 

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ “موسه‌ننا ئه‌مین” سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند “عه‌بادی هه‌تا زۆری‌ لێنه‌كرێت، پاره‌ بۆ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم نانێرێت. كه‌ زۆرت لێكرد لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌نێرێت بۆ وه‌زاره‌ته‌كان‌ و خۆی‌ مه‌شغوڵ ده‌كات به‌و شتانه‌وه‌‌ و ماوه‌یه‌ك به‌مه‌ش كات به‌سه‌ر ده‌بات”. 

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو “عه‌بادى پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان بڕێك پاره‌ بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت، ره‌نگه‌ پانزه‌ بۆ بیست رۆژی‌ دیكه‌ بخایه‌نێت تا بڕێك پاره‌ بنێرێت”.

به‌پێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق، وابڕیاره‌ رێكه‌وتى 12 ى 5 ى 2018، هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت.