ئەحمەد کەلاری: رۆژانە ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە دێتە کوردستانەوە

ئەحمەد کەلاری، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی‌‌و   نوێنەری بازرگانانی گەرمیان  لەم چاوپیکەوتنەیدا لەگەڵ سایتی ژوور رایگەیاند”رەوشی بازرگانی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان‌و مەرزی پەروێزخان ڕوەو باشییە،  رۆژانەش زیاتر لە ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کاڵا و شتومەک لەڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت”.
بازرگانی‌و پیشەسازی: ڕەوشی بازرگانی لەسنوری ئیدارەی گەرمیان چۆنە؟
ئەحمەد کەلاری: لەئێستادا رەوشی بازرگانی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان‌و مەرزی پەروێزخان ڕوەو باشییە، دوایی ئەوەی مەرزەکە بەفەرمی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کرایەوە، پەروێزخان تاکە دەروازەی سنوریە کە لەدیوی ئێرانەوە ڕێگاکەی بەفر و سەختی نایگرێتەوە و هەموو شەقامەکانی راستە جادەیە، بۆیە زۆربەی بارەکان لەشارەکانی هەولێر و سلێمانیش لە رێگای مەرزی پەرویزخانەوە دێتە هەرێمی کوردستانەوە.

بازرگانی‌و پیشەسازی: چ کێشەو گرفتێک لە مەرزی پەروێزخان ڕوبەڕووی بازرگانان دەبێتەوە؟
   ئەحمەد کەلاری:  تاکە کێشە لەمەرزی پەروێزخان کەڕووبەرووی بازرگانان دەبێتەوە ئەوەیە کاتێک بارەکان دەچێتە  ناوەڕاست و باشووری عێراق حکومەتی عێراقی دووبارە گومرکی ئەکاتەوە، ئەگەر ئەم کێشە چارەسەر بکرێت بێ گومان مەرزی پەروێزخان دەبێتە بەهێزترین دەروازەی سنوری بۆ هێنانی کاڵای ئێران.
بازرگانی‌و پیشەسازی:  قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی لەمەرزی پەرویزخان چەندە؟
ئەحمەد کەلاری: رۆژانە زیاتر لە ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر کاڵاو شتومەک لەڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

بازرگانی‌و پیشەسازی: لەئێستادا بارودۆخی مەرزە لاوەکیەکان چۆنە؟
ئەحمەد کەلاری: ئەو مەرزەی زیاتر لەژێر چاودێری مندایە و لە نزیکەوە ئاگاداری جوڵەی بازرگانیم لێی مەرزی سەرتەکە لەئیدارەی گەرمیان، کە تائێستا بڕیاری کردنەوەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەدراوە، لەلایەن حکومەتی هەرێمیشەوە لیژنەیەک بەسەرۆکایەتی کاک سالار بەرێوبەری پاسپۆرتی سلێمانی پێکهێنراوە بەمەبەستی کردنەوەی مەرزەکە و گفتوگۆ کردن لەگەڵ ئەو شاندانەی حکومەتی عێراق کە سەردانی مەرزەکە دەکەن، لیژنەکە لە نزیکەوە سەردانی مەرزەکەی کردوە بۆ ئەوەی بزانرێت مەرزەی سەرتەک شیاوە بۆ کردنەوە و بە نێودەوڵەتی کردن، هاوڵاتیانی گەرمیان خوازیارن بەزووترین کات مەرزەکە بکرێتەوە چونکە ژیانی چەندین کەسی لەسەرە.

حکومەتی عێراق بڕیاری داوە هەر بازرگانێک کاڵا و شتومەک لە دەرەوە هاوردە بکات دەبێت نوسراوی کونسوڵیەتی عێراقی پێ بێت لەو وڵاتەی کاڵاکەی لێ دەهێنێت ئەم بڕیارە بازرگانی‌و پیشەسازی:  تا چ رادەیەک کاریگەری دەبێت لەسەر رەوشی بازرگانی؟ 
ئەحمەد کەلاری: ئەم بڕیارە کاریگەریەکی زۆری دەبێت لەسەر رەوشی بازرگانی، لەبەر ئەوی لەئێستادا ئەو مۆڵەتی هاوردەیی لەلایەن ئێرانەوە دەدرێت بە بازرگانان ئەوەنەی من ئاگادارم وەک چاودێرێک لە مەرزی پەروێزخان‌و پەیوەندیەکانمان لەگەڵ پارێزگای کرماشان و ئەسفەهان، زۆربەی ئەو مۆڵەتانە تەنها لەلایەن ژوورە بازرگانیەکانەوە دەردەچێت بۆ ئەو کاڵا ئێرانیانەی هاوردە دەکرێت لەلایەن بازرگانانی هەرێمی کوردستانەوە، وە بەپێی ئەو نوسراوەی کە پێم گەیشتووە حکومەتی هەرێمیش داوە لەبازرگانان دەکات بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان‌و بۆ ئەوەی کوالێتی دەستکاری نەکرێت لە ٢٠١٨/٤/١وە بەرێوبەرایەتیەکانی سنور ئیش بە مۆڵەتی هاوردە بکەن، سەبارەت بە بڕیارەکەی حکومەتی عێراقیش بەڵی لە هەموو وڵاتان کار بە نوسراوی کونسوڵیەتەکان دەکرێت و ئەمە شتێکی فەرمییە بەڵام لە ئێستادا جێبەجێ کردنی سەختە و پێویستە زەمینەسازی و ئامادەکاری تەواوی بۆ بکرێت، باشتر وایە لەبری ئەوەی لە کۆنسوڵیەتەکان مۆر بکرێت نوسینەگە لە دەروازە سنوریەکان بکرێتەوە و بە نوێنەرایەتی کونسوڵیەتی عێراق مۆڵەتەکان مۆر بکات.