لەئێستادا سەرجەم شۆفێران دەتوانن گواستنەوەی تابلۆ لەنێوان پارێزگاكاندا ئەنجامبدەن بەبێ هیچ گرفتێك.
رائیدی هاتوچۆی مافپەروەر رەوەند رزگار عەلی سەرپەرشتیاری هۆبەی تۆماری یەكەمجار لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، بە (ترافیك ئێف ئێم)ی ڕاگەیاند: لەئێستادا سەرجەم شۆفێران دەتوانن گواستنەوەی تابلۆ لەنێوان پارێزگاكاندا ئەنجامبدەن بەبێ هیچ گرفتێك.
سەبارەت بەمەرجەكانی گواستنەوەی تابلۆ لەنێوان پارێزگاكان، وتی:” ئەو ئۆتۆمبێلەی گواستنەوەی تابلۆی بۆدەكرێت دەبێت مۆدێلەكەی 15 ساڵ كەمتر نەبێت، واتە ئێستا كە لەساڵی 2018داین، ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2004 دەتوانێت گواستنەوەی بۆ بكرێت”.
لەبارەی ڕێوشوێنەكانیشەوە، ئاماژەی بەوەدا كە ئەگەر ئۆتۆمبێلێك تابلۆی پارێزگای سلێمانی بێت و بیەوێت بۆ تابلۆی هەولێر بیگوازێتەوە، پێویستە سەردانی هاتوچۆی سلێمانی بكات و مامەڵەو ڕێوشوێنە یاساییەكان جێبەجێبكات و دواتریش دەنێردرێت بۆ هەولێر.
سەبارەت بەتێچووی ڕسوماتی گواستنەوەی تابلۆش، سەرپەرشتیاری هۆبەی تۆماری یەكەمجار ڕوونیكردەوە، ئەگەر ئەو ئۆتۆمبێلە پارەی رسوماتەكانی ژینگەو ڕێگەوبانی دابێت و هیچ گرفتێكی لەو رووەوە نەبێت، هیچ بڕە پارەیەكی تێناچێت، تەنها پارەی تابلۆ لەشۆفێرەكە وەردەگیرێت كە بڕەكەی 50 هەزار دینارە، بۆنمونە ئەگەر شۆفێرێك تابلۆی ئۆتۆمبێلەكەی لەهەولێرەوە بۆ سلێمانی بگوازێتەوە، لەكاتی پێدانی تابلۆ لەلایەن هاتوچۆی پارێزگای سلێمانیەوە، بڕی 50 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت