دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق رەتیدەكاتەوە سبەی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانیان رادەستبكرێتەوەو جەختیش دەكاتەوە سبەی تەنیا كۆبونەوەیەكی دەوری بەڕێوبەرانی دەروازە سنورییەكان هەیە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق، عەقید محەمەد شوەیلی لەبەیاننامەیەكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە رایگەیاندوە”هەندێك لەدەزگاكانی راگەیاندن هەواڵێكیان بڵاوكردۆتەوە گوایە حكومەتی فیدراڵ سبەی(دوشەممە) وەرگرتنەوەی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، رادەگەیەنێت.”
جەختی كردۆتەوە”ئەو هەوڵە دورە لەراستیەوەو ئەو هەواڵە لەلایەن ئێمەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە.”
ئەوەشی خستۆتەڕو”سبەی كۆبونەوەیەكی بەڕێوەبەرانی دەروازەكان هەیەو ئەوەش كۆبونەوەیەكی دەورییە.”
لەهەرێمی كوردستان چوار دەروازەی سنوریی هەن كە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە بەڕەسمی دەناسرێن و ئەوانیش بریتین لە: ئیبراهیم خەلیل لەسەر سنوری عێراق و توركیا، حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخان لەسەر سنوری ئێران.