بەهادین عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان لەم گفتوگۆیەیدا لەگەڵ سایتی بازرگانیو پیشەسازی دەڵێت ” مانگانە زیاتر لە ملیۆنێکو ٥٠٠ هەزار مریشک لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام راگرتنی هەناردەکردنی بۆ پارێزگاکانی باشور و ناوەراستی عێراق ئەم کەرتەی بەرەو داروخان بردوە”.
لەبەرچی حکومەتی عێرق هەناردەی مریشکی زیندوی کوردستانی بۆ باشووری عێراق قەدەغە کردوە؟
بەهادین عەبدوڵا: بە نوسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کە کردوێتی بۆ ئەنجومەنی وەزیران داوا دەکات رێگە نەدەن بە هاتنی مریشکی زیندوی کوردستان بۆ بارێزگاکانی باشور و ناوەراستی عێراق بە بیانوی ئەوەی نەخۆشی هەیە، بەبێ ئەوەی دیاری بکات چ جۆرە نەخۆشیەکە، لەکاتێکدا هیچ حالەتێکی نەخۆشی لەکوردستان تۆمار نەکراوە بەڵکو لای خۆیان لەدیالە نەخۆشی هەبووە.
بەرهەم هێنانی پلەوەر لە سلێمانی لە چ ئاستێکدایە؟
بەهادین عەبدوڵا: لەسنوری پاريزگای سلێمانی لەپێداویستی ناوخۆی شارەکە زیاتر مریشک و بەرهەمە پەلەوەریەکان بەرهەم دێت و لێشمان زیادە.
لەئێستادا چەند کێڵگەی پەلەوەری لەشاری سلێمانی هەیە؟
بەهادین عەبدوڵا: بەگوێرەی ئامارەکان کە مانگێک لەموپێش راپرسی کراوە و ئامادەکراوە، ٦٥٥ کيڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەر لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەیە٢٦٠ کێڵگەی دیکە لەقۆناغی دروستکردندان مۆڵەتی سەرەتایان وەرگرتوە.
توانایی بەرهەم هێنانی ئەم کێڵگانە لە چ ئاستێکدایە؟
بەهادین عەبدوڵا: کێڵگە کۆنەکانی پارێزگای سلێمانی کە کەوتبونە ماستەر پلانەوە کۆن و بچوک بون و توانای بەرهەمهێنانیان کەم بوو بەڵام ئێستا کێڵگەمان هەیە توانای بەرهەم هێنانی ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار مریشکی هەیە.
مانگانە توانایی بەرهەم هێنانی مریشک لەسلێمانی چەندە؟
بەهادین عەبدوڵا: مانگانە زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار مریشک لەسنوری پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت، ئەم کەرتە تاکە کەرتە لەکوردستاندا کە سەرباری قەیرانی دارایی لە گەشەکردن و فروانبوندایە.
بڕیارەکەی بەغدا زیانی لەم کەرتە داوە؟
بەهادین عەبدوڵا: ئەگەر ئەم بریارە بەردەوام زیانی زۆر گەورە بەر کەرتی پەلەوەر دەکەوێت جگە لە کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر، کارگەکانی دروستکردنی عەلەف و بەرهەم هێنانی مریشکی ئومەهات و هیلکەش زیانیان بەر دەکەوێت کەمارۆی سەر بەرهەمی کوردستان بەردەوام بێت هەموی دای ئەخات و واز لەکارکردن دەهێنێت.
چۆن دەتوانرێت ئەم باردۆخە چاسەربکرێت؟
بەهادین عەبدوڵا: تاکە رێگای رزگارکردنی کەرتی پەلەوەر لە ڕوخان قەدەغەکردنی مریشکی بەستووی هاوردەیە بەتایبەتی مریشکی بەستوی تورکی چونکە ئەو مریشکانە لەتورکیا بەرهەم ناهێنرێت بەڵکو لە سین و ئۆکرانیا بەرهەم دەهێنرێت و مانگانە ٥٠٠ تەن دێتە سلێمانیەوە.