حەیدەر عەبادی، پیرۆزیایی لە گەلی عێراق دەکات بە بۆنەی پەسەند کردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی (2018) و پابەندبونی خۆیان نیشان دەدات بۆ دابینکردنی موچەی فەرمانبەران لەسەرانسەری وڵاتدا.
دوابەدوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی پەسەندکردنی بودجەوە، رایگەیاند: ئەرکی حکومەتە بە بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆی هەستێت و سیاسەت و پرۆژە خزمەتگوزاریی و پرۆژەکانی پەرەپێدان و بەرنامەی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی جێبەجێبکات بۆ دەستەبەرکردنی ماف و بەرژەوەندی هاوڵاتیان و موچەی فەرمانبەران لەسەرانسەری عێراقدا.
ئاماژەی بەوەکردوە؛ پەسەندکردنی پرۆژەی بودجە، دەرەنجامی هەماهەنگی نێوان هەردو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنە، سەرەڕای ئەوە ئاستەنگانەی کە روبەڕوی عێراق بونەوە، بەتایبەتی ئاڵەنگارییەکانی دوای سەرکەوتنی شەڕی داعش و هەوڵەکانی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئارامی و خزمەتگوزاریی بۆ شارە رزگارکراوەکان و دوبارە بونیاتنانەوە لەسەرجەم پارێزگاکاندا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، داوای لەسەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەت کردوە کە بە ئەرکی خۆیان هەستن بە باشترین شێوە و کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان و دورکەوتنەوە لە بەهەدەران و توندکردنەوەی چاودێریی لەسەر سامانی گشتی وڵات.