لە ٢٥ ساڵی داهاتوودا عێراق و کوردستان لە بواری سەرچاوە ئاوییەکان ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپ دەبنەوە

کەمئاوی بەشێکە لەو قەیرانە گەورانەی کە زیانی قەرەبوونەکراو بە ژینگە دەگەیەنێت و کاریگەری لەسەر لایەنە جیاوازەکانی ژیان دادەنێت، ئەم بابەتە لە داهاتوودا دەبێتەهۆی ئاڵۆزی و ئاسایش و ئارامی وڵاتان ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە.

ماڵپەڕی ئیرنا بڵاویکردەوە، سەرچاوە ئاوییەکان وەکو بابەتێکی گرنگ لە سیاسەتی ناوخۆی وڵاتان بەتایبەتی لە ناوچە کەمئاو و گەرمەسێرەکانی جیهان، لەوانەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دێرزەمانەوە گرنگییەکی تایبەتی هەبووە.

بەوتەی شارەزایانی بواری جیۆپۆلیتیک، چیدی ئاو تەنها کاڵایەک نییە بەڵکو ئەمڕۆکە ئەم مادەیە لایەنی سیاسی و ئابوری و ستراتیژی هەیە و هۆکارەکانی وەک بەرزبوونەوی ژمارەی دانیشتووانی گۆی زەوی و کەڵک وەرگرتنی لەڕادەبەدەر لە سەرچاوەکانی ژینگە بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئابورییەکان، کاریگەری بێوێنەی لەسەر سەرچاوە ئاوییەکان داناوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پەیمانگەی سەرچاوەکانی جیهان (WRI)، تا ساڵی ٢٠٤٠ لانیکەم ٣٣ وڵاتی جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی دەبنەوە کە عێراق و وڵاتانی دەوروبەریشی بەشێک دەبن لە بەرکەوتووەکان، ئەم بابەتەش دەتوانێت پەرە بە ئاڵۆزی و بارگرژییەکانی نێوان وڵاتان بدات.

لە ٢٥ ساڵی داهاتوودا، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناویشیاندا عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری سەرچاوە ئاوییەکانەوە ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپ دەبنەوە.

کەمبوونەوەی بارانبارین و گۆڕانکاری کەشوهەوا و نەبوونی جێگرەوەیەک بۆ سەرچاوەکانی ئاو لەپاڵ کۆمەڵە بابەتێکی وەک بەرزبوونەوەی رۆژبەڕۆژی ژمارەی دانیشتووانی جیهان و بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئابورییەکی پشتبەستوو بە کشتوکاڵ و هەروەها ناکۆکی وڵاتان لەسەر پرسە جیاوازەکان و نەبوونی یاسایەکی نێدەوڵەتی پتەو بۆ بڕیاردان لەسەر ڕووبار و سەرچاوە ئاوییە هاوبەشەکان، نموونەیەک لە هۆکارانەن کە قەیرانی کەمئاوی ئاڵۆزتر دەکەن و دەبنەهۆی ئەوەی کە ئەو بابەتە ببێتە سەرچاوەی سەرهەڵدانی توندوتیژی و شەڕ و پێکدادانەکان.

هاوکات بەپێی ئامارەکان، لە ئێستادا بەڕێژەی جیاواز کەمئاوی کاریگەری لەسەر تەواوی کیشوەرەکان دروستکردووە و نزیکەی ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوی پاکی خواردنەوەیان پێناگات.