هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر و سلێمانی‌ زیانی‌ گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه‌ و له‌قه‌یراندان

به‌هۆی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ ڕاگرتنی‌ گه‌شتی‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌، هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ زیانی‌ گه‌وره‌ی‌ داراییان به‌ركه‌وتووه‌.

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ ڕابردوو حكومه‌تی‌ عێراق بڕیاری‌ ڕاگرتنی‌ گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی‌ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌ بۆ ماوه‌ی‌ سێ‌ مانگی‌ ترو تاكۆتایی ئایاری‌ داهاتوو درێژكرده‌وه‌، له‌ئێستادا هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ڕوبه‌ڕووی‌ مه‌ترسی‌ داخستن بوونه‌ته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی‌ به‌غدا مانگانه‌ زیاتر له‌400 هه‌زار دۆلار زیانی‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر داوه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ زیانی‌ به‌زیاتر له‌ 20 كۆمپانیای‌ بیانی‌ گه‌یاندووه‌ كه‌ له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر كارده‌كه‌ن” هاوكات ئیداره‌ی‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ی‌ ناچاركردووه‌ ژماره‌ی‌ كارمه‌نده‌كانی‌ كه‌مبكاته‌وه‌.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ به‌وته‌ی‌ ته‌لار فایه‌ق به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ هه‌ولێر به‌هۆی‌ كورتهێنانه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ نزیكی‌ داهاتوودا ناچار به‌داخستنی‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ده‌بن” ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا 37 ملیۆن دۆریان لای‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندیه‌ به‌ڵام به‌غدا ئاماده‌ نیه‌ بۆیان بگێرێته‌وه‌.

كۆتایی ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ ڕابردوو حكومه‌تی‌ عێراق له‌كاردانه‌وه‌ی‌ ڕیفراندۆمی‌ هه‌رێمدا بڕیاری‌ ڕاگرتنی‌ گه‌شتی‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌رێمی ده‌ركردو تا ئێستاش دووجار بڕیاره‌كه‌ی‌ درێژكردۆته‌وه‌.