ماددەی نۆ لە بودجەی گشتی تایبەت بەپشكی هەرێم لەپەرلەمانی عیراق تێپەڕێنرا


ماددەی 9 لەپرۆژەی یاسای بودجەی گشتی عیراق  لەپەرلەمانی عیراق بەبێ رەزامەندی كورد تێپەڕێنرا كە تایبەتە بەپشكی هەرێمی كوردستان.

لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەبێ ڕەزامەندی فراكسیۆنە كوردستانییەكان،  بەدەنگی فراكسیۆنە شیعی و سوننەكان ماددەی نۆ لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی تێپەڕێنرا كە تایبەتە بە پشكی هەرێم بەبێ رەزامەندی كورد. 

ئەو ماددەیەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات پشكی هەرێم لە تێكڕای خەرجییە كردەییەكانی خەرجی رۆیشتوو و خەرجی پرۆژەكانی وەبەرهێنان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەر پارێزگایەك دیاری دەكرێت. 

ئەوەش لەدوای بڕینی خەرجییە سەروەرییەكان كە خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمیندارێتی گشتی سەرۆكایەتی وەزیران،سەرۆكایەتی وەزیران، وەزارەتی دەرەوە، دەزگای دژە تیرۆر و وەزارەتی بەرگری و دادگای باڵای فیدڕاڵی لەگەڵ لێپرسینەوە و دادپەروەری و دەستەی سكاڵاكانی موڵكدارێتی  جگە لە قەرەبووەكان. 

نوسینگەی پشكنەری گشتی دەستەی سكاڵاكانی موڵكدارێتی، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عیراقی و نوسینگەی پشكنەری گشتییەكەی. هەروەك بڕینی خەرجیی ئەو لایەن و دەزگایانەی دیكەوە كە دەچنە چوارچێوەی خەرجییە سەروەرییەكان لەنێویشیاندا دەستەی دەستپاكی.